جەمال کۆشش:
بەرەی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، تێکڕایان داوایان لەجەماوەر دەکرد، بەشداری هەڵبژاردن
بکەن (ئەمە ئاساییە), بەڵام تیۆری سەیریان دادەهێنا، هەندێک دەیووت، (یەکێتی) و (پارتی) دەنگی جێگیری خۆیان
هەیە، ئەو بایکۆتە لە دەنگەکانی ئێمە کەمدەکاتەوە. هەندێکی تر دەیانوت بچن دەنگبدەن، بەکێ دەنگدەدەن بدەن، خۆتان
دەزانن بەکێ دەنگدەدەن، بەڵام لە لەرەی (نەبرەی) دەنگی هەموویاندا، نەفرەتی جەماوەرییان هەست پێدەکرد لەبەرامبەر
خۆیان و لیستەکانیاندا.
جەماوەرێکی یەکجار زۆر بێ تریبۆن و بڵندگۆ مابوونەوە، وەک چۆن نوێنەرانیان نەبوو لەنێو لیست و قەوارە
پەرلەمانیـیەکاندا، ئاواش سەدا و دەنگ و نوێنەری سیاسی و حزبی و لیستی نەبوو لە دەرەوەی پەرلەمانیشدا، (یان زۆر
بەکەمی)، سەڕەڕای زۆروزەبەندی میدیا و هەزاران ڕۆژنامەنووس جگە لە یەک دوو کەناڵ نەبێت، ئەوانی دی
بەتەواوی بەفەرامۆشیان سپاردبوو، بەتایبەت بەشە ڕادیکاڵ و سۆشیالیستەکەی بەرەی بایکۆت، میدیا نەیدەویست بەهیچ
جۆرێک ئەم ڕەوتە لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردن تێکەڵ بکات. سیمای چینایەتی و سروشتی هەڵوێستی ئەم جەماوەرە
بەڕادەیەکی یەکجار زۆر ڕوون و بەرجەستەیە، بەش و پێکهاتە جۆراجۆرەکانی چینی کرێکارانە کە لەگەڵ حزب و
دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ناکۆک و ناتەبان.
بۆشاییەکی سیاسی گەورە لە نێو فەزای هەڵبژاردندا خۆی دەرخستەوە، کە هەژارانی کوردستان هیچ بونێکی بەرجەستەی
حزبیان نیـیە و بێ ئالتەرناتیڤن. ئەم بێ ئەڵتەرناتیڤیـیە، کە سیاسەت دەبێتە بابەتی هەموو دانیشتوان و نزیک لە ژیان و
پرسیار لەسەر دەسەلاتی سیاسی و چارەنوسی ئاڵوگۆر دەکرێت، ئەوەندەی دی چینێکی گەورە نامۆبوون لە پرۆسەکە و
هەستیان دەکرد، دەست و دەم بەستراون، وە تایبەتی تر زۆر خنکێنەر و غەمگین (کەئیب) بوو بۆ هەموو ئەو هەڵسوڕاوە
کرێکاری و کۆمۆنیستانەی کە کەمپینی بۆرژوازییان دەبینی، چ کۆنەپەرستیەک و چ هۆسەیەکیان ناوەتەوە. ئەم ڕۆژانە
تەواو دەبن، بەڵام، وە بەڕاستی ئایندەی دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی داهاتوو، شایانی بیرکردنەوەیەکی
زۆر جددییە.
ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی خولەکانی پێشووتری پەرلەمان، ئەگەر بۆ بۆرژوازی و حزبەکانی مایەی دەرس و فێربوون
بێت، بۆ حزبی کرێکاران و چینی کرێکاریش هەروایە. خاڵێکی یەکجار گرنگ لەم پەیوەندەدا، ئەوە نیـیە، کە تاچەند
دەتوانین پەرلەمانیش وەک فورسەتێک بۆ خەباتی ئاشکراو پێ گەیەکی قانوونی بەکاربهێین، نەخێر بەڵکە لەگرەوی ئەوەدایە
کە چۆن حزب ڕۆ نەچێتە نێو کێشە و ناکۆکیـیەکانی ناو خێزانی بۆرژوازییەوە، کە چۆن و بەردەوام سەربەخۆیی سیاسی
و چینایەتی برەو پێ بدەین.
ئەوە ڕاستە بزووتنەوەی کۆمۆنستی لاوازە، چینی کرێکار، ڕێکخراوەی جۆراجۆری خۆی نیـیە…هتد، بەڵام خاڵی بنەڕەتی
لەم کێشمەکێشە چینایەتیەدا، تیۆری شۆڕشی کۆمۆنستییە کە هەمیشە لەنێو دڵی هەلومەرجە سەخت و پێچاوپێچەکاندا
پێویستە وەک ئامڕازی دروستکردنی سیاسەت و هەڵویست و حزبیەت، لەلایەن کۆمۆنستەکانەوە بەچینی کریکار بگات.
لەبایکۆت و بەرەی بایکۆت واوەتر، پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی بە ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی بۆ کۆمەڵگای کوردستان، ئەرکە سەرەکیەکەیە. میدیای کۆمۆنیستی پێویستە ڕۆڵیکی یەکجار بەرجەستە لە نەخشاندنی ئەم سیاسەتەدا بگێڕێت.
٢٠٢٤-١٠-١٦