ڕەوت: زۆر لە لیستەکان باس لە جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن لەوانی پێشووتر، وە بەزۆری باس لە تێکشکانی زۆرینەی ڕەهای کورسیەکانی پەرلەمان لەلایەن (پارتی)ـیەوە دەکەن، بەهۆکاری جۆراوجۆر، نەمانی کۆتا، کەمی تەزویر، کۆمۆسیۆنی سەربەخۆ و بێلایەن و چەیکی دەنگەکان هەر لەلای سندوقەکان و ئایا ئەگەر ئەمانە وابن مانای ئەوەی دەدات، کەبەڕاستی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی پەرلەمانی کوردستان ڕوودەدات، بەتایبەت لە بەرژوەندی ژنان؟
شیرین عەبدوڵا: هەموو ئەو بەناو گۆڕانکاریانەی لە سیستەمی پەرلەمانیدا باسی لێ دەکەن، هیچ شتێک نیـیە جگە لە دانی ڕووکەش و پەردەیەکی مۆدێرن بە سەر درێژەدان بە کۆنەپەرستی و بێ مافی ژنان و هەموو ستەملێکراوانی کۆمەڵگا. ئەوەندەی پەیوەندی بە ڕزگاری ژنانەوە بێت، کاتێک دەتوانین باسی گۆڕانکاری ئەرێنی و باش بکەین لە بەرژەوەندی ژنان، کە ژنان لە هەرێمدا هەست بە ئاسوودەیی بکەن؛ چ لە ماڵەوە و چ لە شوێنی کار و چ لە سەر شەقام و ڕێگاوبانەکانی ئەم ووڵاتە. ئاسوودەیی بە مانای ئەوەی:
- لە مەترسی کوشتن و سوتاندن و توندوتیژی و دەستدرێژی جۆراو جۆری ناو خێزان و دەرەوەی بە دوور بن.
- ژن و پیاو یەکسان بن لە بواری خوێندن و کار و بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان و خانەوادەکانیان.
- هەڕەشەی پێشێل کردنی مافە کەسایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووریـیەکانیانیان لەسەر نەبێت.
- ناچار نەبن واز لە کارکردن، یان خوێندن و چالاکیـیەکانی تریان بهێنن و بخزێنە ماڵەوە بۆ بەخێوکردنی منداڵ و پیر و نەخۆشەکانی فامیلیـیەکانیان بۆ پڕ کردنەوەی ئەو کەلێنانەی سیستەمەکە و دەسەڵاتداران دروستیان کردوە بە بۆنەی تێکدانی سیستەماتیکی کەرتە گشتیـیەکانی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاریـیەکانی ترەوە.
- ژنان بتوانن بە ئاسانی دەستیان ڕابگات بە خزمەت گوزاری تەندروستی و دادگایی بۆ کێشەکانیان، وە بەبێ هیچ ڕێگریـیەکی کۆمەڵایەتی یان ئابووری.
- ژنانی دوو گیان یان نەخۆش بەرەو ڕووی گومان و سوکایەتی و توندوتیژی نەبنەوە.
- بە چاوی سووک و باوەڕ پێ نەکردنەوە سەیری کێشە یاساییەکانیان نەکرێت.
- کاتێک توشی توندوتیژی و زەوت کردنی مافەکانیان دەبن هەست بە پشتگیری تەواوی یاسا و دامودەزگاکانی بکەن.
- بە هۆی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشکەوتنخوازیەوە تووشی کوشتن و ئەشکەنجە و شاڵاوی کۆنەپەرستانە نەبن.
ئەگەر باس لە گۆڕانکاری بکەین، ئەمانە دەبێت پێوەرەکانمان بێت بۆ گۆڕانکاری و لەخۆمان بپرسین ئایا ئێمە وەک ژنان تا چ ڕاددەیەک ئومێدمان بە هیچ کام لەم لایەنانە هەیە و ئایا شەڕ و پێکداچونەکانیان چەند پەیوەندی بە ژیان و خۆش گوزەرانی ئێمەی ژنەوە هەیە و چەند لە نیگەرانی و بێ مافیەکانی ئێمەی ژن کەم دەکەنەوە. ئەو ئاڵوگۆڕانەی سیستەمی پەرلەمانی کاتێک مەعنای دەبێت کە بەشێک بێت لە پاکێجێکی ئاڵوگۆڕی یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانە لە سەراپای (کوللی) سیستەمەکەدا، بەڵام دەبینین پەیامەکانیان پڕە لە دەمارگیری مەزهەبی و کۆنەپەرستی و دژە ژنی و دژە ئازادی.
ڕەوت: زۆر لە حیزبە نوێیەکان ( نەوەی نوێ، ڕەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل ) دەڵێن ئەگەر خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوە بە قازانجی (یەکێتی) و (پارتی)یە و بۆیە پێویستە خەڵک بەبەرفراوانی بەشداری ئەم دەرفەتە بکەن، ئێوە دەڵێن چی؟
شیرین عەبدوڵا: ئەوان پێویستیان بە دەنگە بۆ مسۆگەر کردنی کورسیـیەکانی پەرلەمان و بەشی خۆیان لە تاڵان و چەتەگەری و گەندەڵی ڕژێمدا. ڕاستە لەوانەیە بەشداری نەکردن لە دەنگدان لە بەرژەوەندی (یەکێتی) و (پارتی) بگەڕێتەوە، بەڵام نە ئەوان و نە هێزە تازەکانیش هیچ ئاسۆیەکی ڕووناک بۆ باشتر کردنی ژیان و چارەنوسی ماف زەوتکراوەکانی هەرێمیان پێ نیـیە.
بە لای منەوە ژنان و هەموو توێژە ستەملێکراوەکان ئەگەر پەنجە مۆری خۆیان بدەن لەم هەڵبژاردنە ئەوە دەنگدانە بە چەسپاندن و درێژە پێدانی کۆنە پەرستی و ئەو پیاو سالاری و سیستەمە دژە ژنەی کە چەندین ساڵە هەیە و ئاسوودەیی لێ بڕیوین. ژنان و کرێکاران و نەداران بە درێژایی تەمەنی ئەم هەرێمە، هەمیشە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دوور خراونەتەوە لە سیاسەت و بەشداری کردن لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان. ئەم هات و هوریایەی کە دەیبینین و دەیبیستین لە ڕاستیدا هیچ مانایەکی واقیعی بۆ ژیانی زۆربەی هەرە زۆری ژنان و چەوساوەکانی ئەم هەرێمە نیـیە و هیچ لەو دۆخە سامناکەی ژیانیان کەم ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە، ئەم پەرلەمانە بە هەموو لایەنە ناکۆکەکانیـیەوە، لە ڕاستیدا لە سەر یەک خاڵی زۆر سەرەکی یەکدەستن، ئەویش پیاوسالاریـیە و درێژە پێدانی ئەو سیستەمە دێرین و نێرینەیەی چەوسانەوەی ژنان و ستەم لێکراوانە و هیچ ئاسۆیەکی ڕووناکتر بە ژنان نادات.
ڕەوت: بەرنامەی سیاسی و ئابووری و ئاڵوگۆڕ لە ژیانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت کرێکاران و هەژارانی کوردستان لە هیچ لە لیستەکان دا نەهاتووە، یان زۆر بەکەمی هاتووە، ئایا بۆ کاریگەری ڕەوتی کۆمەڵایەتی و سۆسیالیستی بەم هەڵبژاردنەوە لاوازە و گوشاری ناڕەزایەتییەکانی بەم هەڵبژاردنەوە زۆر کەم دیارە و زیاتر مۆرکی شەڕێکی حیزبی ڕووتە لەسەر کورسی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایە و مۆنۆپۆلکردنیانە؟
شیرین عەبدوڵا: ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە هەرێمدا ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ببێتە فشارێکی جددی لەسەر دەسەڵات، لە لایەک بە هۆی سەرکوتی خوێناوی و لە لایەکی ترەوە بە هۆی نا ئامادەیی و کەم ڕێکخراوبوونی هێزی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ گۆڕینی تەرازووی هێزەکان لە کۆمەڵگەدا.
ئەم حیزب و لایەنانەی شەڕی پەرلەمان دەکەن ئێستا، زۆر نامۆن بە داخوازیەکانی ژن و پیاو و لاو و منداڵ و پیری هەرێم و خۆشگوزەرانیـیانەوە لەبەرئەوەی کە ئەوان نوێنەری ئەم خەڵکە نین و بەرژەوەندیـیەکانی ئەمانیان لە ئاجێندەدا نیـیە، بە پێچەوانەوە، دەبینین کەمپەینەکانیان لەسەر ستایڵی دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بە تێچووی چەندەها ملیۆن دۆلار بەڕێوە دەچێت، وەڵامی ئەوان بۆ کێشەکانی مووچە و بێکاری و گرانی و نەبوونی ئازادیەکان، سەرکوتی زیاتری ناڕەزاییەتیـیەکان و کوشتن و دەستگیرکردنی چالاکوانان بووە و هیچ چاوەڕوانیـیەک ناکرێت کە لە پەرلەمانی داهاتودا شتێکی جیاواز بکەن.
١٨-١٠-٢٠٢٤