ڕێکخراوی سەربەخۆی کارەبا
ئێوارەی یەکشەممە (١٤-٧-٢٠٢٤)، دەستەیەک لە کارمەندانی بەشەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبا لە شاری سلێمانی، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ باسکردن لە باروودۆخی ژیان و دواکەوتنی مووچە و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم لەمەڕ دواخستنی مووچەی کارمەندان و کرێکارانی ئەو کەرتە.
لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر کاراکردنەوەی (ڕێکخراوی سەربەخۆی کارەبا) کرایەوە، کە لەژێر ئەوچەترەدا درێژە بەکار و چالاکیـیەکان بدەن. هەموان لەسەر ئەوە پێ داگربون کە ئەم ڕێکخراوە بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە، ئامانج و ئاسۆی داکۆکیکاری بێت لە ماف و خوستەکانی کارمەندانی کارەبا.
لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەردەوام و ڕێکوپێکی ئەم دەستەیە، وەک دەستەیەکی نوێنەرایەتیی کراوە بۆ هەموو کارەمەندانی کارەبا بەبێ جیاوازی کە دەتوانن بێن لەناویدا دەور و ڕۆڵی خۆیان ببینین.
هەروەها بڕیاردرا کە لە هەوڵدابن بۆ بەرفراوانکردنی ڕێکخراوەکە و هەرچی زیاتر ڕێکخراوبوونی کارمەندانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کەرتی کارەبا بەبێ پۆلبەندی و جیاوازی. ئەمە و بڕیاریش درا کە پەیوەندی بکرێت بە بەڕێوەبەرایەتیـیە جۆراوجۆرەکانی کەرتی کارەبا لە شار و شارۆچکەکانی تر، و پاشان ئامادەکاری بۆ کۆنفراسێک و هەڵبژاردنی نوێنەران.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا، ئەگەر تا ڕۆژی یەکشەمەی داهاتوو (٢١-٧-٢٠٢٤) موچەی کەرتی کارەبا خەرج نەکرێت ئەوا کۆنگریەکی ڕۆژنامەوانی دەبەستن و هەڵوێست دیاری دەکەن بۆ گرتنەبەری شێوازی ناڕەزایەتی مەدەنیانە.
١٥-٧-٢٠٢٤