موئەیەد ئەحمەد
لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق لە ٢٥ی تەمووزی ٢٠١٨، بە ڕاگەیاندنی بەیاننامەی دامەزرێنەری خۆی، و بەڕیخستنی خەباتێکی ماندوو نەناسانە و تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە جۆراوجۆرانەی کە ڕووبەڕووی بووەوە، ئەم ڕێکخراوە توانیویەتی بە خۆڕاگرییەوە بەردەوام بێت و ئاڵای مارکسیزمی شۆڕشگێر و کۆمۆنیزمی ئەنترناسیۆنالیستی، بە هەموو بوێری و ڵیبڕاویەکەوە بەرزبکاتەوە، و ڕێگەی خەباتکارانەی خۆی لەسەر ئاستی عێراق بگرێتەبەر بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتی و سۆشیالیستی و ئەنتەرناسیۆنالیستەکانی کە لەم بەیاننامەیەدا دەربڕاوە.
پێگەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی پتەوبووە و بەردەوامە لە پەیوەندی بە خەباتی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی چەوساوە و گەنجانی ئازادیخواز و ئامانجەکانی ئەو جەماوەرە بۆ ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی. هەر ئەمەش وایکردوە کە ڕێکخراوەکە بە سیمای ئەم جەمسەرە چینایەتییە کۆمەڵایەتییە، و دینامیزمی سیاسی و فیکری و ڕێکخراوەییەکانی، تایبەتمەند بێت. هەروەها، پابەندبوونی بە تیۆری و میتۆدی مارکسیستی و بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی لە خەباتەکەیدا، بەتایبەتی لە وەڵامدانەوەی بە كێشە و پرسەکانی خەباتی چینایەتی لە عێراق و قۆناغەکانی ڕەوەندی مارشی خەباتکارانەی جەماوەری زەحمەتکێش و هەژاران و چەوساوەکان، و لە بواری شێوەکاری ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستدا، وایکردووە کە وەک فەسیلێکی کۆمۆنیستی ئەنترناسیوۆنالیستی و هێڵێکی مارکسیستی شۆڕشگێڕانەی رؤشن لەناو ئەم جەمسەرە کۆمەڵایەتییەدا پێناسە بکڕیت، و هەر بەمپێیەش ئەمڕۆ زیاتر ئامادەیە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی.
ئەمڕۆ سیستەمی سەرمایەداری ئیمپریالیستی جیهانی، لەناویشیدا سیستەمی سەرمایەداری لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرگیری چەندین قەیرانی ئابووری و سیاسیـیە، و هەژاری و بێکاری و تێکڕمانی خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکان ژیانی زۆربەی جەماوەریان کردووە بە دۆزەخ، و لە هەمانکاتیشدا فاشیزم، و ڕەوتە سیاسیـیە نیوفاشیست و ناسیۆنالیست و ئایـنیـیەکان، و حزبەکانیان، لە بەهێزبووندان و بە خێرایی گەشە دەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕادەی ڕۆچونی ئایدۆلۆژیای بۆرژوازی بۆ ناو زۆنگاوی کۆنەپەرستیی هەموو قۆناغەکانی پێشووی خۆی تێپەڕاندوە.
هاوکات لەگەڵ ئەوانەدا، و وەک بەشێک لە پەیوەندیـیە ئابووریـیەکانی سەرمایە و هەڵکشانی کێبڕکێی نێوان سەرمایەی نەتەوەیی وڵاتانی جۆراوجۆر و بلۆکە ئابووریـیە جیهانی و ناوچەیـیەکانی، ململانێ جیۆپۆلەتیکیـیەکانی ناو ئەم سیستەمە ئابووری و نێودەوڵەتیـیە هەرچی توندوتێژتر دەبێتەوە. ئەو شەڕانەی کە دەرئەنجامی ئەم ململانێـیانەن بوونەتە هەڕەشە بۆسەر مرۆڤایەتی، و خودی سیستەمی سەرمایەداری بۆ دەیان ساڵە بووەتە هۆکاری یەکەمی کارەساتی ژینگەیی وێرانکەر کە مەترسی داناوە لەسەر ژیان لەسەر ڕووی هەسارەی زەوی. شەڕی جینۆسایدی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و کۆمەڵکوژییە بەردەوامەکانی کەرتی ڕۆژئاوا، شەڕی ناوخۆ لە سودان و شەڕی ئۆکرانیا، دەرکەوتنی کارەساتبارانەی ئەم ململانێ جیۆپۆلەتیکی و جیۆئابوورییانەن.
لە نێو ئەم هەلومەرجانەدا، خەبات بۆ ئەنجامدانی بەدیلی ئابووری سۆسیالیستی لەبەرامبەر کۆنترۆڵی سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداری، و گرتنەبەری سیاسەت و ستراتیژی شۆڕشگێڕانە لەسەر بنەمای چینایەتی سەربەخۆ و وەڕیخستنی خەباتی سیاسی دژی دەوڵەت و ڕژێمەکان و بزووتنەوە سیاسییەکان لەسەر ئەمە بنەمایە، لە مەسەلە هەرە گرنگەکانن. ئەمەش دیارە بەبێ ئەوەی کە ئەم خەباتە ڕابکێشرێتە ناو سەرڵیشیواوی پۆپۆلیزم و دیماگۆگی بۆرژوازی و تیۆرییە جۆراوجۆرەکانی ڕیفۆرمخوازان، وئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیستی و ئایینی بۆرژوازی کۆنەپەرستانە، بەثیچەوانەوە بە جەختکردن لەسەر پابەندبوون بە ڕوانگەی مارکسیستی ماتریالیستی لە مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەت و بیر و ململانێی کۆمەڵایەتیدا. ئەمانە ئەو شتانەن کە پێویستن بۆ گەشەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی هاوچەرخ لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان، لەوانەش عێراق، ویەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەو هێڵەی کە ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی نوێنەرایەتی دەکات.
گرتنەبەری ستراتیژی یەکخستنی خەباتی جەماوەری چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و ژنان و گەنجانی ستەملێکراو لە سەرانسەری عێراق، و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە چینایەتییە هاوبەشەکانیان، لە بزووتنەوەیەکی سیاسیی جەماوەری شۆڕشگێڕانەی دژ بە سەرمایە ونۆینەرە سیاسییە ناسیۆنالیستی و ئیسلامی و تائیفییەکانی، وڕژێمە گەندەڵ و پشک پشکپشکێنەکانی، مەرجی پێویستە بۆ سەرکەوتنی ئەم هەوڵە شۆڕشگێڕانەیانە و یەکێکە لەو تایبەتمەندیانەی کە هێڵی مارکسیستی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی جیا دەکاتەوە لە کۆمەڵێک حزب و ڕێکخراو کە ئیدیعای کۆمۆنیزم دەکەن بەڵام لە نێو سیاسەتی ناسیۆنالیستی و تائیفی بۆرژوازیدا قەتیس ماون.
هەروەها پیادەکردنی شێوە و میتۆدی کار و ڕێکخستنی کۆمۆنیستی، کە نامون بەوانەی بانگەشەی مارکسیزم و کۆمۆنیزم دەکەن بەقسە، یەکێک لە ئەرکەکان و چەلێنجەکان بۆ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی پێکدەهێنێت بۆ بنیاتنانی پارتێکی سیاسی کۆمۆنیستی جەماوەری کە پابەندی بەرژەوەندی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەباتی ڕزگاریخوازانەیان ىێت.
بەردەوامبوونی ڕژێمی سیاسی گەندەڵی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی پشکپشکێنە و میلیشیایی لە وڵاتدا، و سەرکوتکردنی سیستماتیکی جەماوەر و خەباتەکانیان و تاڵانکردنی سامانی وڵات و ڕۆڵی ئەم ڕژێمە لە قوربانیدان بە بەرژەوەندییە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگا لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئیمپریالیست و جەمسەرە ناوچەییەکان، بە تایبەت ئێران و ئەمریکا، سەرچاوەیەکی سەرەکی ناڕەزایی و توڕەیی جەماوەر پێکدەهێنن. خەباتی گەنجان و جەماوەری ڕزگاریخواز بۆ هێنانەدی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە سیستەمی حکومدا، مەیدانێکی گرنگ بۆ خەباتی ڕەوتی مارکسیستی و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی پێکدەهێنن لە پێناو سەرکەوتنی ئەو خەباتانەی جەماوەر، و بۆ ئەوەی نەهێڵێ لەبارببرین لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنە بۆرژوازییەکان و بزووتنەوە نیمچە چاکسازیخوازەکان کە بە گیانی ملکەچبوون بۆ سیستەمی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی بۆرژوازی گۆژکراون.
ئەمە، و بەهێزکردنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان یەکێک لە گرنگترین نیشانەکان پێکدەهێنێت کە خەباتی ڕەوتی مارکسیستی و هێڵی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە هەموو پارتە بۆرژوازییەکان جیا دەکاتەوە، هەروەها لە بەشێکی گەورەی چەپ. هەروەها خەبات بۆ ڕزگاربوون لە تاڵانی و گەندەڵی و سەپاندنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردەییە گشتیەکان یەکێکە لە مەیدانەکانی خەباتی ڕاستەوخۆ و بنەڕەتی بۆ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی.
ێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لەم سەردەمەدا، لە ناو ئەو هەلومەرجانەدا وە وەک بەشیک لە هەوڵەکانی پرۆلیتاریای سۆسیالیست لە عێراق و ناوچەکەدا بۆ فەراهەمهێنانی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی، هاتۆتە ناو جەرگەی خەباتەوە. هەر هێزوتوانا وەرگرتنەوەیەکی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراق، و هەر پێشکەوتنێک کە لەوانەیە لە پێگەی خەباتی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراقدا ڕووبدات واتە لە وڵاتێکدا کە بۆ دەیان ساڵە بووەتە ناوەندی چڕبوونەوەی جیهانی و ناوچەیی ململانێی جیۆپۆلەتیکی، بە ناچاری کاریگەری خۆی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەجێدەهێڵێت بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لەوێ.
ئێمە لێبڕاوانە درێژە بەم خەباتە دەدەین، و لە شەشهەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی، پیرۆزبایی دڵسۆزانەمان ئاراستەی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لە عێراق و بزووتنەوەی کرێکاری و چالاکەوانی کۆمۆنیست و سەرجەم ڕزگاریخوازان و یەکسانی خوازان ئەکەین لە هەر شۆێنیکی جیهان. هەروەها گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم هاوڕیان و دۆستان و لایەنگرانی ڕێکخراو دەکەین.
ئەمە و داوا لە هەموو کۆمۆنیستەکان، پرۆلیتاریا سۆسیالیستەکان، جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان، هەموو ستەملێکراو و ئازادیخوازان دەکەین، کە خەباتیان لەناو ڕیزێکی حزبی ڕێکخراودا ڕێکخەن بەرەو بەدیهێنانی ئەرکە گەورەکانی بەردەممان.
٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٤