ڕێکخراوکردن و یەکگرتووکردنی خەباتی چینایەتی کرێکاران ئەرکی هەرە دەستبەجێـیە

کرێکارانی جیهان یەکگرن!

بەبۆنەی یەکی ئایارەوە

 

یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران و ڕۆژی خەباتیانە بۆ ڕزگاربوون لە سیستمی سەرمایەداری و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بێ چین و چەوساندنەوە و شەڕ.

سەرمایەداری جیهانی بە سەردەمی قەیرانێکی ئاوێتەیی ئابووری و سیاسی و جیۆپۆلەتیکیدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ توندبوونەوەی میلیتاریزم و ململانێ نێودەوڵەتییەکان و شەڕەکان، کە خەریکە بە شێوەیەکی کارەساتبار ژینگە تێکدەدەن و نەهامەتی ئابووری بەسەر زۆربەی مرۆڤایەتیدا دەسەپێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم سیستمە کەمینەیەکی بچووکی دروستکردووە کە بە ئاشکرا سەروەت و سامان قۆرخ دەکات.

لە جەرگەی ئەم جیهانە قەیراناوییەدا، تاوانی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە دژی دانیشتوانی غەزە و فەڵەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هاوپەیمانەکانیانیشیان، سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی کاتی ئەم جەنگە، بەڵام هەڕەشەیەکە ناوچەکە کێش دەکات بۆ کۆمەڵکوژی و وێرانکاری و تراژیدیا و سەپاندنی پاشەکشەیەکی ماددی و مەعنەوی بەسەر کرێکاران و زۆربەی خەڵکیدا.

لە سەردەمێکدا کە جیهانی سەرمایەداری پێشکەوتنی چۆنایەتی بەخۆیەوە بینیوە لە بواری تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرد و هێزە بەرهەمهێنەرەکانی بە گشتی، کە دەکرا بۆ قازانجی خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی و هێنانەدی یەکسانی نێوان تاکەکان کەڵکی لێ وەربگیرێت، کەچی دەبینین هەمان ئەم جیهانە بە سەردەمێک لە توندترین کێبڕکێ لەسەر بازاڕی جیهانی، و توندوتیژبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان و جەنگ و مەترسییەکانی پەرەسەندنی بڵاوبوونەوەیان تێدەپەڕێت، لەگەڵ پەرەسەندنی بەرفراوانی کۆنەپەرستییەتی سیاسی و هەڵاواردن و نایەکسانی و هەژاری بۆ زۆرینەی دانیشتوانی هەسارەی زەوی.

سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پێکدێت لە سامانێکی زۆروزەوەند لە داهاتی نەوت و گاز و لەلایەن ئەو هێز و ڕەوت و حزبە سیاسییە ئیسلامی و قەومیـیانە و سەرمایەدارە گەورە و بچووکەکانی دەوروبەریانەوە قۆرخکراوە، کە دامودەزگا دەوڵەتییەکانی عێراقیان لەدەستدایە، ئەم سەرمایە بەپێی سیستمێکی گەندەڵی پێکهاتەیی و پشکپشکێنەیی دابەش دەکرێت و دەخرێتە بەرهەمهێنانەوە لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەی وڵاتدا. ئەم سەرمایە تەنێکی نامۆ نییە بەم جیهانەی دەوروبەری، بەڵکو بە شێوەیەکی ئۆرگانیک پەیوەستە پێیەوە لەگەڵ هەموو ململانێ و کێشمەکێشێکیش کە تیایدا لە ئارادایە.

سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەتی پارێزەری لە عێراقدا پێگەیەکی لاوازیان هەیە لە ناوەندی ململانێی جیۆئابووری و جیۆپۆلەتیکی و سەربازیی ناوچەکەدا و ئەڵقەیەکی لاواز پێکدەهێنن لەناو جوڵەی سەرمایەی ئیمپریالیستی و سەرمایەی قوتبە ئیقلیمیـیەکانی ناوچەکە و ململانێکانیان. قەبارەی ئەو بوودجە زەبەلاحەی کە خەرج دەکرێت لەلایەن ڕژێمی بۆرژوا ئیسلامی و قەومی فەرمانڕەوای عێراقەوە بۆ هێزە چەکدارەکان و ئەمنیـیەکان و میلیشیاکان، نە هاوتایە لەگەڵ پێگەی جیۆپۆلەتیکی بودەڵەی ئەم ڕژێمە لە ناوچەکەدا، وە نەهاوتاشە لەگەڵ توانای ڕکابەریی لاوازی سەرمایە لە عێراقدا.

ئەرکی سەرەکی ڕژێمی فەرمانڕەوا لە عێراق و هێزە سەربازی و میلیشیا و ئەمنییەکانی، سەرکوتکردنی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و گەنجان و داسەپاندنی نەهامەتی ئابووری و کۆمەڵایەتیـیە بەسەریاندا، لەگەڵ پاراستنی ئەم ئەڵقە لاوازە قەیراناوییە لە سیستمی سەرمایەداری لە ناوچەیەکدا کە دەرگیری چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووریـیە، و گۆڕاون بۆ قەیرانێکی کۆمەڵایەتی فراوان و درێژخایەن. هەر یەکێک لە هێزەکانی ئەم ڕژێمە بەستراونەتەوە بە یەکێک لە زلهێزە ئیمپریالست و ناوچەییەکانەوە، بەتایبەت بە ڕژێمەکانی ئەمریکا و ئێرانەوە و هەریەکە چەقێک پێک دەهێنێ بۆ چەسپاندنی هەژموونی هەریەک لەم دوو وڵاتە بەسەر عێراقدا.

سیاسەتی فەرمی ئابوری دەوڵەت بریتییە لە هەرچی زیاتر ڕادەستکردنی ئابووری کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت و زیاتر ملکەچ پێکردنی چارەنووسی مرۆڤ بۆ میکانیزمەکانی بازاڕ و بارگرانی ژیان، کە بێکاری و هەژارییەکی هەرچی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت و بەشێکی زۆری جەماوەر دەگۆڕێت بۆ پرۆلیتاریایەک کە ناتوانێ کارێکی جێگیر بدۆزێتەوە، ئەمە جگە لە دەستبەرداری دەوڵەت لە دابینکردن و پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی گشتی و پەروەردە و نیشتەجێکردنی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە گشتیەکان.

عێراق هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە خەباتی کرێکاران و فەرمانبەران و کچان و کوڕانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان و ستافی مامۆستایان لە چوارچێوەی سێکتەرە حکومییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا. هەروەها بزووتنەوەی کرێکارانی ڕۆژانەکرێ و گرێبەست و وانەبێژانی خۆبەخشیش توانی داواکارییەکانی بەشێکیان بۆ دامەزراندن لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بسەپێنێت. جگە لەوەش بزووتنەوەی کرێکاران و فەرمانبەرانی کەرتی حکومی بۆ هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچە ماوەیەکە بەردەوامە و توانیویانە لە چەندین بۆنەدا گردبوونەوە و ناڕەزایەتی کرێکارانە ڕێکبخەن، لەوانەش لە یەکی ئایاری ساڵی ڕابردوودا. ئەمە و کرێکارانی کەرتی پیشەسازی و ناڕەزایەتییەکانیان دژ بە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت و دژ بە سیاسەتی ئابووری نیولیبراڵی دەوڵەت ساڵانێکە بەردەوامە.

لە هەرێمی کوردستانیش کە دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا و حکوومەتی ناوەندی بە پێنەدانی مووچە بۆ ماوەی چەند مانگێک، هەژاری و بێبەشیـیان بەسەر جەماوەری کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستایاندا سەپاندووە، ستافی مامۆستایانی هەرێم ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخە بوونەتەوە بە بایکۆتی (مانگرتنی) زیاتر لە پێنج مانگی دەوام، کە ئەم بایکۆتە سەریشی کێشاوە بۆ مانگرتن لە فەرمانگەکانی تری حکومەت بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی کە حکومەتی ناوەند و هەرێمیان ناچار کرد بەشێک لە مووچەکانیان پێبدەن.

ئەمڕۆ کە پێشوازی لە یەکی ئایار دەکەین، پرس و گرێوگۆڵەکانی خەباتی چینایەتی کرێکاران ساڵانێکە بوونەتە ناوەندی ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ڕزگارکردنی جەماوەری زەحمەتکێش لە نەهامەتی ئابووری و بێبەشی و بێکاری و لە چنگی ئەو ڕژێمە سیاسیی ئیسلامی و قەومییەی فەرمانڕەوایانە، لە هەر کاتێک زیاتر گرێی خواردووە بە دەرئەنجامەکانی ئەم خەباتەوە، هەروەها هێنانەدی گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزی چینایەتی سیاسی و فیکریی لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و توێژە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکان و پەرەپێدانی خەباتی سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕانەیان لەدژی تەواوی سیستمی سەرمایەداری و پێکهاتە سیاسی و فیکرییەکەی هەر بەم خەباتەوە گرێی خواردووە.

 

دروشمی ئێمە بە بۆنەی یەکی ئایارەوە:

ڕێکخراوکردن و یەکگرتووکردنی خەباتی چینایەتی کرێکاران ئەرکی هەرە دەستبەجێـیە

 

خواستەکانمان:

  • دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەموو بێکارێک.
  • بەرزکردنەوەی ئاستی کرێی کرێکاران لە هەموو کەرتەکان و لەسەراسەری وڵاتدا، زیادکردنەەکەش پێویستە هاوکاتی ڕێژەی هەڵاوسان بێت.
  • هەموارکردنەوەی یاسای پلەبەندی مووچە لە بەرژەوەندی کرێکاران و فەرمانبەران.
  • هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتەکانی ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت، هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتەکانی ئاڵوگۆڕی لە پەیکەرەی کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازی و دەرکردنی کرێکاران لەسەر کار.
  • دابینکردن و پەرەپێدانی تەندروستی گشتی و پەروەردە و خانووبەرەی کۆمەڵایەتی، بەشێوەیەکیش کە هەلی کار لەم بوارانەدا فەراهەم بکات.
  • خەرجکردنی مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان لە هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان وەک باقی شوێنەکانی تری عێڕاق و گەڕاندنەوەی مووچە پێنەدراوەکانیان.
  • ئازادی کاری سەندیکایی لە هەموو دامەزراوە پیشەسازی و خزمەتگوزاری و کارگێڕییەکانی دەوڵەت.
  • دابینکردنی ژینگەیەکی پڕ لە دڵنیایی بۆ ژنانی کرێکار لە ناوەندەکانی کار بە پشتیوانەیەکی یاساییەوە لە دژی هەراسانکردن و توندوتیژی و جیاکاری.
  • ڕێگریکردن لە هەڵاواردن بەرامبەر کرێکارانی نەتەوە جیاوازەکان کە لە عێڕاقدا کاردەکەن، لەگەڵ پاراستنی یاسایی و کردەیی بۆیان لەبەرامبەر هەر جۆرە چەوساندنەوە و بەهرەبەردارییەک لێیان.
  • ڕێگریکردن لە هەڵاواردن لە دژی کرێکاران لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ڕەنگی پێست، تائیفە و بیروباوەڕ.
  • ڕێگریکردن لە کاری منداڵان، و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵان و خێزانەکانیان.
  • ئازادی ڕێکخراوبوونی سەندیکایی و مانگرتن و خۆپێشاندان.

بژی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکارانی جیهان

بژی سۆشیالیزم

 

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەتوندی سەرکۆنەی توندوتیژی و کوشتنی هاوڵاتیـیان دەکەین لە لایەن کۆماندۆ و چەکدارانی حزبەکانی دەسەڵاتەوە

کۆمیتەی سلێمانی / ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق ماوەیەکە لە سلێمانی و چەند شار و ...

بەتوندی ئیدانەی تیرۆری ڕۆژنامەنوسان دەکەین لە هەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە

کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق درۆنێکی تورکیا، جومعە (٢٣-٨-٢٠٢٤) ئۆتۆمبیلێکی کردۆتە ئامانج، لە ...

به توندی سەرکۆنەی داخستنی بارەگای حزبەکان و دەستبەسەراگرتنی دارایـیەکانیان دەکەین

ڕۆژی (١-٨-٢٠٢٤)، کۆمسیۆنی دادوەری هەڵبژاردنەکان لە (ئەنجومەنی باڵای دادوەری) عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵێک حزبی دەرکرد، ...

خانەنشینان بەشێکی گرنگی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بوون لە ساڵانی ڕابردوودا و لە پێشەوەی خۆپێشاندانەکان بوون

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز: (ماموستا أحمد عەلی سادق هەورامی) ئەندامی دەستەی باڵای (یەکێتی خانەنشینانی کوردستان). ڕەوت: ...

بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە، گورانیـیە بەردەوام تەواونەکراوەکەی لاوانی کوردستان. چ سیاسەتێکی نا ئینسانی بە نوقمبونی دان؟

جەمال کۆشش شەڕ، هەژاری و سەرکوت، لەهەر نیشتمانێک پەیدا بوون، لەوێ خەڵک هەڵدێت و ئاوارە ...