چاوپێکەوتنی (ڕەوت) لەگەڵ چەند هەڵسوڕاوێکی مافەکانی ژنان لە بەغدا، لە ئامادەکردنی (جەمال کۆشش).

  • هەدیل وەززاح: هەلومەرجی سەخت و پڕ لە زوڵمی ژنان، ئەوانی ناچارکردووە ڕاستەوخۆ دەستبەرن بۆ خەبات لەدژی ئەم دۆخە.
  • ئیقبال سەلال: ئەم هەلومەرجە خراپەی ئێستای پەروەردە، بەشێکە لە ڕژێمێکی گەندەڵی گشتی لە عێڕاقدا، کە لەم کەرتەدا ئەم کاولکارییەی هێناوەتە ئاراوە.
  • سوهەیلە مەعن: (٨)ی مارس کەرناڤاڵی ڕاوەستانەوەیە بەدژی ئەو ڕژێمە سەرکوتگەرانەی ماف و کەرامەتی ژنان پێشێل دەکەن.

 

ڕەوت: بەسوپاسی زۆرمانەوە، هاوڕێ هەدیل تۆ وەک میدیاکارێک لە بەڕێوەبەرایەتی هەردوو بڵاوکراوەی (نساء الإنتفاضة – ژنانی ڕاپەڕیوو) و (صدی العمال – دەنگدانەوەی کرێکار)، کە لەلایەن (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)یەوە دەردەچن، دەکرێت هەندێک دەربارەی دۆخی ژنان و ئاواتەکانیان بۆمان بدوێی، بەتایبەتی ئەو لاوانەی کە پەیوەست دەبن بە بازاڕی کارەوە؟

هەدیل وەززاح: سەرەتا منیش سوپاسی ڕۆژنامەی ڕەوت دەکەم بۆ ئەو میوانداریە بە بۆنەی (٨)ی مارسەوە، کە بۆنەیەکی گرینگە لە ئاستی جیهانیدا تا لەسەر کێشەی ژنان و مافەکانیان بدوێین. بەڵێ من لە بەڕێوەبەرانی بڵاوکراوەی (نساء الإنتفاضة – ژنانی ڕاپەڕیوو)م، کە لە ڕاپەڕینی (ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)ەوە دەردەچێت و تا ئێستا بەردەوامە، و هەوڵدەدات بەرگری لە مافەکانی ژنان بکات لە ڕوانگە و ئاسۆیەکی سۆشیالیستیـیەوە.

ڕاشکاوانە بڵێم، بارودۆخی ژنان لە عێراقدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوا لەژێر سایەی ئەم ڕژێمە قەومی و ئیسلامی سیاسییەدا. ئەم دەستە کۆنەپەرستە سەرکوتگەرە تائفیـیە دەسەڵاتدارە، بەدژی هەر داواکارییەکی ڕەوای ژنان و هەر هەوڵ  و بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەدا دەوەستێتەوە کە پشتیوانی مافەکانی ژنان و یەکسانیان بکات. سەرەڕای ئەوەی کە زۆر بەجددی کار دەکات بۆ داسەپاندنی یاسا و ڕێسایەک کە ڕێگا دەدەن بە چەوسانەوەی ژنان و ستەمکردن لێیان و درێژەدان بە پاشکۆییان بۆ پیاوان و لەگەڵ بکوژی ژنانیشدا نەرمی دەنوێنێت. ئەمە تاریکترین دەورانەکانی ئەم کۆمەڵگەیە کە ئەم هێزانە بە پشتیوانی ئەمەریکا دەسەڵاتیان گرتە دەست.

بەڵام هەلومەرجی سەخت و پڕ لە زوڵمی ژنان، ئەوانی ناچارکردووە ڕاستەوخۆ دەستبەرن بۆ خەبات لەدژی ئەم دۆخە، هەروەک لە (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)دا بینیمان کە مەیدانەکان پڕ بوون لە کچان و ژنان، وە بەشێوەیەکی چالاک بەشدار بوون و خواستەکانی خۆیان بەرزکردبۆوە بۆ ڕزگاربوون لەم ڕژێمە.

ئەمڕۆش لەگەڵ پەرەسەندنی سەرمایەداری لە عێراق، ژمارەیەکی فراوان لە کچان پەیوەست بوون بە بازاڕی کارەوە، و توێژێکیش شکڵی گرتووە لە کچان و ژنان کە گوێڕاڵی هێزە ئایینی و خێڵەکیـیەکان نابن، وەک کاردانەوەیەکی سروشتی لەبەرامبەر ئەو ستەم و چەوسانەوەی چەندین دەیەیە لەسەر ژنانی عێراق.

بەڵام کارم لە بڵاوکراوەی (صدی العمال – دەنگدانەوەی کرێکار)، کە تایبەتە بە کێشەکانی کرێکاران، سەرنجی خوێنەرانتان بۆ بەشداری فراوانی ژنانی کرێکار و کارمەند ڕادەکێشم لە خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتییەکاندا. لەوانە بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکانی کەرتی پیشەسازی و  ناڕەزایەتیی هەڵگرانی بڕوانامە بەرزەکان و داواکانیان بۆ دامەزراندنییان، وە خۆپیشاندانی ئەو دەهەمین کەسانەی کە دەرچووی نمرە یەک بوون، وە لەم دواییانەشدا بەشداری بەرفراوانی کچان و ژنان لە بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی موچە. لە سەرجەم ئەو خۆپیشاندانەدا بەشداری کچان و ژنان یەکجار گرنگ و کاریگەر بوو، وە بڵاوکراوەکەمان هەڵساوە بە ڕووماڵکردنیان.

بێگومان هێشتا پێویستمان بەکاری ڕێکخراوەیی  و یەکخستنی ڕیزەکانمان هەیە. پێویستە وەک بلۆکێکی بەهێز بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی هەنگاو بنێنێن. پەرەپێدان و بەهێزکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتەکانی ئەمڕۆ پێویستی بە ڕێکخستن و کاری جددی هەیە لەگەڵ توێژ و بەشە چەوساوەکانی تری کۆمەڵگە، ئەمە لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە ئەوە دەخوازێت کە دەست بگرین بە ئاسۆی سۆشیالیستی لەم  وەرچەرخانە مێژوییەدا.

ڕەوت: سوپاس هاوڕێ ئیقبال بۆ ئامادەییتان، تۆ ئەندامێکی چالاکی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنستی)ت لە بەغدا، هەلومەرجی مامۆستایان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق چۆنە؟ ئایا هیچ سەندیکایەک هەیە کە خواستەکانیان نوێنەرایەتی بکات؟

ئیقبال سەلال: سوپاس بۆ ئێوە و بۆ خوێنەرانتان. مامۆستایان لە ڕووی ژمارەوە یەکێک لە گەورەترین توێژەکانی کەرتی گشتی پێکدەهێنن لە عێڕاق. هەر قوتابخانەیەک بگری لە ڕۆژێکدا دوو و سێ، بگرە چوار دەوامیشی تێدا دەکرێت و لە پۆلێکیشدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە خوێندکاران ئامادەن، ئەمەش بۆتە هۆکاری کەمکردنەوەی کاتی دەوام و تێکچوونی بەرنامەکانی خوێندن و وانە وتنەوەی ڕۆژانە. هەموو ئەرکەکەش وەک فشارێکی گران دەکەوێتە ئەستۆی مامۆستا و بەرپرسن لەوەی هەوڵێکی زۆر بدەن و توانایەکی زۆر بخەنەگەڕ تا ڕۆڵی خۆیان ببینن هەم وەک مامۆستا و هەم وەک پەروەردەکار، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەوڵەت پێداویستییەکانی مامۆستایان دابین ناکات و هیچ  جۆرە پشتیوانییەکیان ناکات، هەتا کاتێک کە دەکەونەبەر هەڕەشە و دەستدرێژیش. هەر بەوجۆرەش بەڕیوەبەرانی خوێندگاکانیش لانی کەمی بەرپرسیارەتی لەخۆیان نانوێنن و نەخشە و پلانی دەسەڵاتی پیادە دەکەن.

ئەم هەلومەرجە خراپەی ئێستای پەروەردە، بەشێکە لە ڕژێمێکی گەندەڵی گشتی لە عێڕاقدا، کە لەم کەرتەدا ئەم کاولکارییەی هێناوەتە ئاراوە و هەردوو ئەم توێژە گرنگە کۆمەڵایەتیـیەی مامۆستایان و قوتابیانی توشی نەهامەتی کردووە. ئەمانە هەردوکیان ستەملێچوانی دەسەڵاتی گەندەڵن، کە هیچ بەپرسیارەتیـیەک لەبەرامبەر ئەم کەرتەدا هەڵناگرێت، وە لەنێو ئەم گەندەڵیـیەشدا، ئەو موچەیەی مامۆستایان وەریدەگرن یەکجار کەمە لەچاو ئەو کارەی کە ئەنجامی دەدەن و ئەو فشارەی کە لەسەریانە.

(سەندیکای مامۆستایان) هەیە هەرچەندە بانگەشە و پروپاگەندەی ئەوە دەکات کە نوێنەرایەتی مامۆستایان دەکات، بەڵام واقعی حاڵ، پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێت. لەڕاستیدا ئەم سەندیکایە چوارچێوەیەکی بەتاڵە و سەر بە دەوڵەتە، وە لەم بارودۆخە تڕاژیدیایەی مامۆستایاندا هیچ بەرگرییەک لە خواست و داواکارییەکانیان ناکات و بەپێی پلان و نەخشەی دەسەڵاتی گەندەڵ کار دەکات.

بۆیە دەبینین لە ئێستادا جموجوڵێک لە ئارادایە تا مامۆستایان هەوڵبدەن نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و لە هەوڵی هێنانەدی ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆدا بن لە چەشنی سەندیکا یا یەکێتیـیەکی مامۆستایان و لەبەرامبەر دەسەڵاتداران بوەستنەوە، و ئەو ڕەگەزە بنچینەییانە بەدەستەوە بگرن کە پرۆسەی خوێندن بەرەو پێشەوە  دەبات کە دەسەڵاتە گەندەڵە پشتگوێی خستوەوە و لە لێواری داڕوخانی نزیک کردۆتەوە.

-*-*-*

ڕەوت: هاوڕێ سوهەیل ئێوە لاوانێکن هیوا و ڕۆشنایی گۆڕانی کۆمەڵگەن بەقازانجی ژنان و بزووتنەوەی ژنان و سوشیالیستی. پەیامی ئێوە چیـیە بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەکەمان لەم بۆنەیەی (٨)ی مارسدا؟ ڕۆژی ئازادی و یەکسانی.

سوهەیلە مەعن: ، ٨ مارس بۆ ژنان، گوزارشە لە ئامانجە ڕزگاریخوازەکانی ئەو، ئەم ڕۆژە کەرناڤاڵی ڕاوەستانەوەیە بەدژی ئەو ڕژێمە سەرکوتگەرانەی ماف و کەرامەتی ژنان پێشێل دەکەن. ئەم ڕۆژە، ئەو پیاوسالار و کۆنەپەرستانە دەترسێنێ، کە هەوڵدەدەن دەمی ژنان داخەن.

(٨)ی مارس، تەنها ڕۆژێکی ڕاگوزەری ئاهەنگ گێڕان نیـیە، بەڵکو ڕۆژێکی خەبات و شۆڕشگێڕانەیە، کە ژنانی ڕزگاریخواز تیایدا بەدەنگێکی  بەرز ڕووبەڕووی کۆنەپەرستانی دەستەڕاستی توندڕەو دەبنەوە.  

بۆ دەبێ کاری نێو ماڵی تاقەتپروکێن و داسەپاو بەسەر ژناندا بە کار حساب نەکرێت بۆ کۆمەڵگە؟ ئەمە خاڵێکی دەستپێکە، وە ئاسایـیە.

(٨)ی مارس، سەکۆیەکە بۆ خەبات لەپێناو هەڵپێچانی زوڵم و زۆری لەسەر ژنان و دانپیانی لەلایەن کۆمەڵگەوە وەک ئینسانێکی هاوتای پیاو بە تەواوی ماف و ئازادیییەکانـیەوە، ئێمە ڕێگە نادەین لەمە زیاتر نێرسالارانی کۆمەڵگە ماف و کەرامەتمان پێشێل بکەن.

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەتوندی سەرکۆنەی توندوتیژی و کوشتنی هاوڵاتیـیان دەکەین لە لایەن کۆماندۆ و چەکدارانی حزبەکانی دەسەڵاتەوە

کۆمیتەی سلێمانی / ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق ماوەیەکە لە سلێمانی و چەند شار و ...

بەتوندی ئیدانەی تیرۆری ڕۆژنامەنوسان دەکەین لە هەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە

کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق درۆنێکی تورکیا، جومعە (٢٣-٨-٢٠٢٤) ئۆتۆمبیلێکی کردۆتە ئامانج، لە ...

به توندی سەرکۆنەی داخستنی بارەگای حزبەکان و دەستبەسەراگرتنی دارایـیەکانیان دەکەین

ڕۆژی (١-٨-٢٠٢٤)، کۆمسیۆنی دادوەری هەڵبژاردنەکان لە (ئەنجومەنی باڵای دادوەری) عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵێک حزبی دەرکرد، ...

خانەنشینان بەشێکی گرنگی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بوون لە ساڵانی ڕابردوودا و لە پێشەوەی خۆپێشاندانەکان بوون

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز: (ماموستا أحمد عەلی سادق هەورامی) ئەندامی دەستەی باڵای (یەکێتی خانەنشینانی کوردستان). ڕەوت: ...

بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە، گورانیـیە بەردەوام تەواونەکراوەکەی لاوانی کوردستان. چ سیاسەتێکی نا ئینسانی بە نوقمبونی دان؟

جەمال کۆشش شەڕ، هەژاری و سەرکوت، لەهەر نیشتمانێک پەیدا بوون، لەوێ خەڵک هەڵدێت و ئاوارە ...