بەرەو گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بەتوانای ژنان، هاوکاتی بزووتنەوەی کرێکاری ڕوو لە هەڵکشان لە عێراقدا.

بەبۆنەی هەشتی مارسەوە:

ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا پێشوازی لە (٨)ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەین، کە تاوانەکانی جەنگی کۆمەڵکوژی ئیسڕائیل دژ بە دانیشتوانی غەززە بەردەوامی هەیە، و دەیان هەزار کەس، کە زووربەیان ژن و منداڵن گیانیان لەدەستداوە. ئەم کۆمەڵکوژیـیانە، بۆتە توڕەیی و ناڕەزایەتی دەیان ملیۆن کەس، لە خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست لە سەراسەری جیهاندا، و دەنگیان بەرزکردۆتەوە بۆ وەستاندنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئەم جەنگە.

ژنانی عێراق هێشتا هەر بەدەست زۆرترین زوڵمەوە دەناڵێنن، لە ژێر فەرمانڕەوایەتی میلیشیاکان و ئەم ڕژێمە ئیسلامیـیە تائیفی و قەومیـیەدا، وە لەژێر باڵادەستی بەها و یاسا پیاوسالاری و ئایینی و خێڵەکییەکاندا. تا ئێستاش ڕۆژانە، کوشتن، توندوتیژی، زیان پێ گەیاندنی جەستەیی و دەروونی، جیاکاری بەرامبەریان و بازرگانیکردن پێـیانەوە ئەنجام دەدرێت، فرەژنی بەسەریاندا دەسەپێنرێت، ڕێگریـیان لێدەکرێت لە تەواوکردنی خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵ، وە کوڕان و کچانیش لە قوتابخانە و زانکۆکاندا لێک جیادەکرێنەوە.

هەر کاتێک ژنان لەم وڵاتەدا بەرەنگاری ئەو ستەم و نادادپەروەریـیانە دەبنەوە کە لە دژیان ئەنجام دەدرێت، وەیا کاتێک خەبات دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادی و یەکسانیـیەکانیان، و هەوڵی ئازادکردنی وزە و داهێنانەکانی خۆیان دەدەن، لە ڕێگەی بەرگری تاکەکەسی یان خەباتی بەکۆمەڵی ڕێکخراوەوە، ئەوا ڕووبەڕووی سوپایەکی پیاوسالار دەبنەوە، ڕووبەڕووی خاوەن فەتوای ئیسلامی و خێڵەکیـیەکان دەبنەوە، ڕووبەڕووی ڕیزێکی بەرین لە هێزی میلیشیایی و دامەزراوە و ئۆرگانە حکومیـیەکانی سەربە حزبە دەسەڵاتدارەکان دەبنەوە، بۆ تێکشکاندنی ئیرادە و خەباتیان.

ئەمە و میلیشیاکان و دەزگا سەرکوتگەرەکانی حکومەت، کە لەلایەن ئەم یان ئەو حزبی ئیسلامی سیاسیـیەوە بەڕێوەدەبرێن، بە بیانووی جۆراوجۆری پڕوپوچەوە، هێرشەکانیان توندتر کردۆتەوە بۆ سەر ئەو ڕێکخراوانەی ژنان کە بەرگری لە ماف و ئازادی ژنان دەکەن، سنورداریان دەکەنەوە و ڕێگریـیان لێدەکەن تەنانەت بۆ ڕزگارکردن و داڵدەدانی ژنانێک کە توندوتیژری کراوە بەرامبەریان و هەڕەشەی بازرگانیکردن و کوشتنیان لەسەرە.

ساڵانێکی درێژ لە خەباتی ژنانە هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێنا بۆ بەدیهێنانی چەند داواکارییەکی وەک دەرکردنی یاسایەک کە لانی کەمی پارێزگاری دابین بکات لە توندوتیژی خێزانی، سزادانی ئەو تاوانبارانەی تاوان دەرحەق بە ژنان دەکەن، بێبەش نەکردنی ژنان لە سەرپەرشتی منداڵ، ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری کچانی مێرمنداڵ، ڕێگریکردن لە فرەژنی و چەند داواکارییەکی تر.

وێڕای ئەوەش، لە وڵاتێکدا کە لەلایەن هێزگەلێکی گەندەڵەوە فەرمانڕەوایەتی دەکرێت و سامانەکەی قۆرخ دەکەن و بەتاڵانی دەبەن و بە پێی پشکپشکێنەی نەتەوەیی و تائیفی دابەشی دەکەن، وە خەریکی پیادەکردنی سیاسەتە ئابووریـیە سەرمایەداریـیە نیولیبراڵیـیەکانن بە شێوەیەکی دڕندانە و بە پێی ستراتیژ و سیاسەتەکانی بۆرژوا ئیمپریالیستی جیهانی و دامەزراوەکانیان لەچەشنی (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) و (بانکی جیهانی)، ژنان لەم وڵاتەدا لەوەها بارودۆخێک و لە جەرگەی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی بەرفراواندا دەژین، کە زۆربەیان بەدەست نەهامەتی ئابووری و بێکاری و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و کەمیی دەرفەتی خوێندنەوە دەناڵێنن.

بەڵام لەناو ئەو بارودۆخەدا، نەوەیەکی بەرفراوان لە کچانی سەرتاسەری عێراق، ڕێگای خۆیان دۆزیوەتەوە بۆ بازاڕ و پەیاکردنی کار و سەرچاوەیەکی بژێوی ژیان و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی ئابوری خۆیان، بەتایبەتی لە کەرتەکانی خزمەتگوزاری و بازاڕ و مۆڵ و کۆمپانیا ئەهلیـیەکان، و لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتدا. کچان و ژنان لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا جۆراوجۆرەکان دەستپێشخەر بوون لە گەڕان بەدوای کاردا لە بواری پەروەردەدا، لە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەتدا، وە چالاکانە بەشداری خۆپیشاندانە کرێکاریـیەکان دەکەن بۆ بەدیهێنانی داواکاریـیەکانیان لە دامەزراندن و هەلی کار. تا ئێستاش ژنانی فەرمانبەر و ژنانی وانەبێژی خۆبەخش، و کادری پەروەردەیی و فێرکاری ژن، بە شێوەیەکی بەرفراوان و کاریگەر بەشداریـیان کردووە لە خۆپیشاندانی کرێکارانی گرێبەست و وانەبێژان و بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پێوەرەکانی پلەبەندی مووچە.

لە هەرێمی کوردستانیش، بەشداری چالاکانەی ستافی پەروەردەی ژنان لە ناڕەزایەتیـیەکانی ئێستای مامۆستایاندا، و پێش ئەویش بەشداریکردنی فەرمانبەرانی ژن و کرێکارانی ژن لە ناڕەزایەتییەکانی سەرجەم کرێکاران و فەرمانبەراندا سەبارەت بە پێدانی مووچە، دیاردەیەکی بەرچاوی ئەو بزووتنەوانە پێکدەهێنن. جگە لەوەش ڕۆڵی پێشەنگانەی کچە خوێندکارەکان لە بزووتنەوەی خوێندکاری و ناڕەزایەتیـیەکانی بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادیـیەکانیان لە هیچ کەس شاراوە نییە لەم هەرێمە.

کۆی گشتی ئەم دینامیکیـیە کۆمەڵایەتیـیە، لە بەشداری ژنان و بەتایبەتیش کچان، لە ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەکادیمی و فیکریدا، وە بەشداری چالاکانەیان لە ناڕەزایەتی و مانگرتنە بەردەوامە کرێکارییەکان لەم وڵاتەدا، هەروەها کرانەوەی ژنان و کچان لە چین و توێژە کۆمەڵایەتیـیە جیاوازەکان بەڕووی کولتوری مۆدێرن و شارستانیدا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە و گەشەسەندنی کولتوری ڕەخنەگرتن لە هەموو شتێکی دواکەوتوو کە هی سەدەکانی ناوەڕاست و بۆگەن بێت، هەموو ئەمانە ڕەنگدانەوەی خۆیان هەبووە لە سەرهەڵدان و بەجەستەبوونەوەی کولتوورێکی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتگێڕانەی کرێکاری، هاوتەریب بە کولتوور و بەها و ئایدیۆلۆژیای پیاوسالاری باڵادەست.

ئایندەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان و گەشەسەندنی داهاتووی لە سەراسەری عێراقدا، تا ڕادەیەکی زۆر، پەیوەستە بەم پۆلە گەنجانەی ژنانی کرێکار و ژنانی بێکار و خوێندکارانی کچ و خەباتەکەیان. هەر ئەمەشە وا دەکات کە بەهێزکردن و ڕێکخستنی خەباتی ئەم توێژ و بەشە فراوانانەی ژنان و کچانێک کە ئاواتەخوازی ئازادی و یەکسانین ببێتە ئەولەویەتی ڕەوتی مارکسیستی و بزووتنەوەی ژنانی کرێکاری سۆسیالیست.

لە خەباتکردندا بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگا و گۆڕینی هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە قازانجی چینی کرێکار و بەهەژارکراوان و ستەملێکراوان لە دژی بۆرژوازی و ڕژێمە سیاسیەکەی، وە بۆ بەدیهێنانی داواکاری و ئامانجە ڕزگاریخواز و سۆسیالیستیـیەکانیان، گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بەتوانای ژنان، هاوکاتی بزووتنەوەی کرێکاری ڕووو لە هەڵکشان لە عێراقدا، تەوەرەیەکی سەرەکی پێکدەهێنێت، نەک تەنها بۆ پێشخستنی خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان، بەڵکو بۆ پەرەپێدانی بزووتنەوەی کرێکاری ئێستا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و هێنانەدی گۆڕانکاری ڕیشەیی و جێگیر لە بەرژەوەندی خەڵکی ڕەنجدەر و ژنان و ئازادیخوازان.

با لە هەشتی مارسدا خەباتی خۆمان یەکگرتوو بکەین:

  • بۆ بەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بەتوانای ژنان، هاوکاتی بزووتنەوەی کرێکاری ڕوو لە هەڵکشانی ئێستا.
  • بۆ پەرەپێدانی بزووتنەوەی ژنانی کرێکاری سۆسیالیست.
  • بۆ بەهێزکردنی خەباتی سیاسی شۆڕشگێڕانە، لەسەر بنەمایەکی چینایەتی کرێکاری سەربەخۆ، بۆ کۆتاییهێنان بەم ڕژێمە، و ڕزگارکردنی ژنان و هێنانەدی یەکسانیـیان.
  • بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە هەموو ئەو کۆت و بەند و نەریتە کۆنەپەرستانانەی کە مافی ژیانیان لێ زەوت دەکەن و ئازادی و هەڵبژاردنی کەسی و چالاکیـیە کۆمەڵایەتیـیەکانیان بەرتەسک دەکەنەوە.
  • بۆ وەستاندنی هێرشی دەسەڵاتداران بۆسەر ئەو ڕێکخراوانەی ژنان کە بەرگریکارن لە ماف و ئازادیـیەکانی ژنان.
  • بۆ بەدیهێنانی هەموو داواکاریـیەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان، سەبارەت بەو پڕۆژە یاسایانەی کە بەرگریکارن لە ماف و ئازادی ژنان و یەکسانیـیان لەگەڵ پیاوان.
  • بۆ کۆتایی هێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی شەڕی تاوانکارانەی ئیسرائیل لە غەززە، و هاوپشتی لەگەڵ خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە فەلەستین.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق، بەبۆنەی ڕۆژی هەشتی مارسەوە، ڕۆژی جیهانی خەباتی ژنان، پیرۆزبایی لە ژنانی عێڕاق و جیهان دەکات، هەروەها پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەش لە ژنانی کرێکار و ستەملێکراوی ئەم وڵاتە و ئەو ژنانەش دەکات کە هەڵگری پاسپۆرتی جیاجیان لەم وڵاتەدا. ئەمە و لێبڕاوانەش خەبات دەکات بۆ ڕزگاریی ژنان و هێنانەدی یەکسانیـیان.

بژی هەشتی مارس

بژی سۆشیالیزم

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

(٢٣)ی شوباتی (٢٠٢٤)

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

خانەنشینان بەشێکی گرنگی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بوون لە ساڵانی ڕابردوودا و لە پێشەوەی خۆپێشاندانەکان بوون

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز: (ماموستا أحمد عەلی سادق هەورامی) ئەندامی دەستەی باڵای (یەکێتی خانەنشینانی کوردستان). ڕەوت: ...

بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە، گورانیـیە بەردەوام تەواونەکراوەکەی لاوانی کوردستان. چ سیاسەتێکی نا ئینسانی بە نوقمبونی دان؟

جەمال کۆشش شەڕ، هەژاری و سەرکوت، لەهەر نیشتمانێک پەیدا بوون، لەوێ خەڵک هەڵدێت و ئاوارە ...

لە شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

موئەیەد ئەحمەد لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق لە ٢٥ی تەمووزی ٢٠١٨، بە ...

ڕەوت ژمارە 30

ڕۆژنامەی (ڕەوت) ژمارەی "٣٠" تەمموزی (٢٠٢٤) کەوتەبەردەست ڕەوت بخوێننەوە و بیگەێننە دەست لاوانی کچ و ...

ڕەوتی مارکسیستی و ڕەوەندەکانی دۆخی ئێستای عێراق

موئەیەد ئەحمەد تێبینی: ئەم وتارە دەقێکی ئامادەکراوی ئەو باسەیە کە پێشکەشم کردووە لەو سیمینارەی کە ...