عەبدوڵا ساڵح
ئەنشتاین دەڵێ: شێتی ئەوەیە؛ چاوەڕوانی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی نوێ بی لە تاقیکردنەوەیەک کە پێشتر شکستی هێناوە!
دوێنێ شەممە (٢٠ – ١ – ٢٠٢٤) دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی پێکرد.
بزوتنەوەی گۆڕان بە دروشمی (ئەیگۆڕین) وەک قەوارەیەکی سیاسی و کاراکتەرێکی نوێی ناو بزوتنەوەی کوردایەتی لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٩ بەفەرمی هاتە ناو دینای سیاسەت لە هەرێمی کوردستان و لەعێڕاق، وەک بزوتنەوەکە خۆی دەڵێ: (کۆشش دەکا لەرێی هەڵبژاردنی دیموکراتیانەی ئازاد و کێبڕکێی ئاشتیانە وبەدەست هێنانی متمانە و دەنگی هاوڵاتیان لەسەر ئاستی عێڕاق و هەرێم بۆ گەیشتن بە دەسەڵات- پرۆگرامی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان) هەروەها لەپێناو گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە کوردستان، ڕۆشنکردنی بودجەی هەرێم و جیاکردنەوەی حزب لە دەسەڵات و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی و….. گەلێک ئامانجی تر. بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدانی هەموو ئەو ئەرکانەی بەستۆتەوە بەدەستاودەستکردنی هێمنانە و ئاشتیانەی دەسەڵات لەڕێی دەنگدان و پەرلەمانەوە.
چاوخشاندنێکی سەرپێی بە مێژووی ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ دوو ڕاستیمان بۆ دەربخا ئەویش:
یەکەم: بزوتنەوەی گۆران لەدەرەوی دەسەڵات توانی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر بێ و ببێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دامرکاندنەوەی، بەتایبەتی ڕاپەڕینی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ ی جەماوەری کوردستان دژی دەسەڵاتی سیاسی کوردایەتی لەو هەرێمە، ئەگەرچی سەرەتای ڕاپەڕینەکەی جەماوەری شاری سلێمانی بە دروشمی (چۆڵی کەن ئەو کورسیە، میللەت هەمووی برسیـیە) هاتنە سەرجادە و ئەو کات بزوتنەوەی گۆڕان ناوی “گێرەشێوێن”ی لە خۆپیشاندەران نا.
دووەم : لەناو دەسەڵاتیشدا؛ کاتێک بەشداری لە حوکمڕانیدا کرد، بووە پارسەنگی ڕاگرتنی باری لاری دەسەڵاتی هەردووک حزبی پارتی و یەکێتی و لە ئەنجامداخۆی مایە پووت هاتە دەرێ و کارێکی کرد بەشێکی بەرچاوی ئەندامە دیارەکانی لێی دووربکەونەوە، تەنانەت هەندێکیان دان بەوەدابنێن و بڵێن: (لەنێو سەبەتەکەی کاکە نەوە هێلکەی پیس هەیە)!.
ئەمڕۆ، بەبەرپاکردنی کۆنفرانسی دووەمیان کە وەک ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە لەدەستپێکی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی پێکرد گوایە: (بۆ کاری هەستانەوەی گۆڕان هیچ درەنگ نیە) کە من پێم وایە نەک هەر درەنگە، بەڵکو لە حاڵەتی مانەوە و بەردەوامی بزوتنەوەکەشدا جگە لە هەیکەلێکی بێ توانا و دەسەڵات ناتوانێ شتێکی تر بێ.
بەتاقیکردنەوە دەرکەوتوە پەرلەمان لە کوردستاندا، کە جێگای ئومێدی بزوتنەوەکەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو گۆڕانکاریانەی ئەوان داوای دەکەن، وەک هەموو سێکتەرەکانی تر، دەستکەللای دەستی هەردووک حزبی دەسەڵاتدارە، دوو حزب کە خاوەنی میلیشیای چەکدارن، پەرلەمانێکیش حزبە بەشداربوەکانی میلیشیای چەکداریان هەبێ؛ ئیتر هاوار هاواری ناو پەرلەمان هیچی لێ شینابێتەوە و خۆشیان باش دەزانن کە کلیل و قفڵی دەرگای پەرلەمان لای کێـیە و کەی بیانەوێ دەیکەنەوە و دایدەخەن! هەتا گریمان پەرلەمانێکی کارا و بەتوانا لە دەسەڵاتدابوو، خۆ گۆڕان ژمارەی کورسیەکانی هەر لە کەمی دایە!
لە وتەکانی ڕێکخەری گشتیدا ڕاستیەکی تر دەردەکەوێ کە دەڵێ : (هیچ گەرەنتیـیەک لە ئارادانیـیە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم) کەواتە کەشتیەکە بەرەو نقوم بوون دەڕوا و کاتی ئەوەیە خۆت دەربازبکەی، ئیتر هەستانەوە چۆن و لە کوێ و بەرەو کوێ؟
مێژووی سەرهەڵدان و لاوازبوونی ئەم بزوتنەوەیە، واتە بەهار و پاییزی تەمەنی؛ بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕدەبێ، لێرەدا جێی خۆیەتی بۆ دەرکەوتنی ڕاستیەکان بیانخەینە بەردەست خوێنەر:
- لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستاندا لە تەمموزی ٢٠٠٩ توانی ٢٥ کورسی بەدەست بێنێ و وەک هێزێکی ئۆپۆزسین خۆی بناسێنێ.
- لە یەکەم بەشداری لە پەرلەمانی عێڕاقدا مارتی ساڵی ٢٠١٠ توانی هەشت کورسی بەدەست بێنێ.
- لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ئەیلولی ٢٠١٣ بیست و چوار کورسی بەدەست هێنا. (کەمی کرد).
- لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق نیسانی ٢٠١٤ نۆ کورسی بەدەست هێنا.
- لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی گۆڕان (یوسف محەممەد) ڕێگری لێکرا بچێتە هەولێر ئیتر پەرلەمانەکە بە فەرمانی پارتی داخرا.
- ئەیلولی ٢٠١٧ بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕیفراندۆمەکەی پارتی.
- لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق ئایاری ٢٠١٨ پێنج کورسی بەدەست هێنا.(دایە کەمی)
- لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ١٢ کورسی بەدەست هێنا. (نیوەی کورسیەکانی لەدەست دا)
- لەدوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق ساڵی ٢٠٢١ بزوتنەوەکە کەمترین ڕێژەی دەنگدانی بەدەست هێنا بەشێوەیەک کە هیچ بەربژێرێکی نەیتوانی کورسی پەرلەمان بەدەست بێنێ. (سفر).
ئیتر با چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان بین!
٢١ – ١ – ٢٠٢٤
ئەم ووتارە لە ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە 27 دا بڵاو کراوەتە وە لە کانۆۆنی دووەم 2024