بەپێی ڕاگەیاندنەکانی (حزبی شیوعی کوردستان)، بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شاری هەولێر مۆڵەتیان نەداوە بە (کۆمیتەی هەولێر)ی ئەو حزبە کە ڕێپێوانێکی هێمنانە ئەنجام بدات بۆ بەردەم (ئەنجومەنی وەزیران)، لە پەیوەند بە بێمووچەیی مامۆستایان و کارمەندان و خانەنشینان و بێکاری و گرانی …، نەک هەر ئەوەش بەڵکو لە (٥-٢-٢٠٢٤) بەهێزێکی زۆرەوە چواردەوری بارەگای کۆمیتە محەللیـیەکەیان داوە، کە سەرلەبەیانی ئەو ڕۆژە لەبەردەم بارەگاکە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی تێدا ئەنجامدراوە.
بەدەر لەهەر ئامانج و سیاسەتێکی سازشکارانە و چاکسازیخوازانە کە ئەو حزبە هەیەتی لە پەیوەند بە حزبی دەسەڵاتی دەڤەرەکە و لە پەیوەند بە شەپۆلی ناڕەزایەتیـیەکانی جەماوەرەوە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە شکڵی خۆپێشاندان و مانگرتن لە ئارادان بەدژی (حکومەتی هەرێم) و حزبەکانی دەسەڵاتدار، ڕێگری (پاراستن)ی (پارتی) لە گردبوونەوە و خۆپێشاندان و گەمارۆدانی بارەگای ئەو حزبە، کردەیەکی ڕیسوای دژە ئازادی و سەرکوتگەریی سیاسیـیە.
گەرچی (پارتی) لە ڕێگەی سەرکوت، گرتن و زیندانی چالاکوانان و خەڵکی ناڕازی، وە لە ڕێگەی سەرکوتی سیاسی نەیارانی خۆی لە دەڤەری بادینان دەسەڵاتەکەی هێشتۆتەوە، بەڵام لە ئێستادا بارودۆخێکی قەیراناوی هەمەلایەنەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە بە پلەی سەرەکی ئاکامی دەسەڵاتدارەتیـیەکانە، ئەم کۆمەڵگەیەی خستۆتە قۆناغێکی تازەوە، کە نە جەماوەری ڕەنجدەر و ئازادیخوازی ئەم هەرێمە دەتوانن بەم شێوەیە درێژە بە ژیانیان بدەن، وە نە ئەم سەرکوتگەری و ملهوڕیـیەش هەروا بەئاسانی درێژەی هەبێت.
ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ئەم سیاسەتی سەرکوتگەری و زەوتکردنەی ئازدیی سیاسی، کە پیشەی هەمیشەیی پارتی و دەسەڵاتەکەیەتی لە (زۆنی زەرد)، بەتوندی مەحکوم دەکەین.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٦-٢-٢٠٢٤