خۆپیشاندانی ڕۆژی (٨-١-٢٠٢٤)، گرتن و سەرکوتی ئەو ناڕەزایەتیـیە و مانگرتنی ڕۆژی دواتر (٩-١-٢٠٢٤)ی (٦١٠) نانەواخانە و سەرکەوتنی مانگرتنەکەیان و لە ئێستادا سەرەڕای ئازادکردنی خۆپێشاندەر (ئیدریس مەسعود)، دەسەڵاتداران چونەتە ژێر جێبەجیکردنی چەند داواکاریـیەکی نانەواخانەکانەوە.
ڕوداوێکی پڕ بایەخ لە خەباتی نانەواخانەکاندا هاتۆتە نێو پرۆسەی کێشمەکێشی نێوان خەڵکی زەحمەتکێش و کرێکار و بەهەژارکراوانی کوردستان لەبەرامبەر حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەدا. لە زۆرێک لە ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتیـیەکانی ئەم سەردەمەشدا، مەسەلەی نان و گرانی و هەژاری و کارەبا و سوتەمەنی و باج و پێداویستیـیە سەرەتایـیەکانی ڕۆژانە، مەشخەڵی ئاڵوگۆڕی گەورە بوون.
ئەم ناڕەزایەتیـیە فراوانەی نانەواخانەکان، ڕێکوڕەوان ئەم دۆخەی لەخۆیدا نواند. دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەت لە هەولێر لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بە زۆر شێوازی سەرکوت و زیندانی و تیرۆر، توانیویانە ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتی و سیاسیـیەکان سەرکوت بکەن، داواکاریـیە خزمەتگوزاریـیەکان پشگوێ بخەن و هەلومەرجەکەش لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بهێڵنەوە، بەڵام ئەم ناڕەزایەتیـیە چینایەتیـیە کە ئیدی بۆ پارووی نان و قووتی ژیان و مانەوەیە، شێوازی مانگرتنی گرتۆتەبەر و ڕێگایەکی بۆ خەبات پەیداکردووە، بڕستی لە حکومەت و دامەزراوە سەرکوتگەرەکانی بڕی و هاوسەنگی هێزی ناڕەزایەتی گۆڕی، هەر بۆیەشە لە ژێر گوشاری ئەم بزووتنەوەیەدا، ملی دا بەچەند داواکاریـیەک (لە پشتیوانی ئاردن و کەمکردنەوەی نرخی سوتەمەنی) و بەندکراوەکەشی بەناچاری ئازاد کرد.
ساڵەهایە حکومەتی هەرێم بەهەموو کێشمەکێشێکی ناوخۆیی حزبەکانی دەسەڵاتداریەوە، نیولیبرالیزمی سەرمایەداری و دزی و جەردەیی و گەندەڵی دەسەپێنێت و نەهامەتیـیەکانیشیان لەسەری کرێکاران و ژنان و لاوان و جەماوەری زەحمەتکێشدا دەشکێنێتەوە. ئەم ناڕەزایەتیـیەی نانەواخانەکانیش لە دووتوێی ئەم بارودۆخەدا سەریهەڵداوە.
ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانی کوردستان، هیچ متمانەیان بەدەسەڵاتداران نەماوە، و بەسەرچاوەی نەهامەتیـیەکانی خۆیانی دادەنێن، و حزبەکانی (یەکێتی) و (پارتی) خۆشیان ئەم ڕاستیـیە باش دەزانن. ئەوەی زۆر گرنگە لەم نێوەدا، لێکهەڵپێکانی خەبات و ناڕەزایەتیـیە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و فەرمانبەران و مامۆستایان و ڕیزی بەرینی نەداران و ئازادیخوازانە لەیەک بزووتنەوەی چینایەتی سەراسەریدا بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە ئازادیخوازە ئابووری و سیاسی و فەرهەنگییەکانیان.
ڕۆژنامەی ڕەوت