بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
چەکدارانی سەربە (بزووتنەوەی بەرەنگاری ئیسلامی – حەماس) بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، (٧)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٣)، لە هێرشێکی غافڵگیرانەدا، لە ڕێگای وشکانی و دەریایی و ئاسمانیـیەوە، پەلاماری شارەکانی ئیسرائیلیاندا، بەتایبەتی شارۆچکە بەنیشتەجێکراوەکانی (مدن الاستيطان) نزیک لە (کەرتی غەززە)، و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم بەیاننامەیە، بووە هۆی کوژرانی سەدان سەرباز و خەڵکی سڤیل لە ئیسرائیل و بریندار بوونی هەزاران و بەبارمتەگرتنی ژمارەیەکی نادیار و تێکشکانی چەندین ئۆتۆمبێل و زرێپۆشی سەربازی.
لە بەرامبەردا حکومەتی ئیسرائیلیش، وەک هەمیشە، بە بۆردومانی کەرتی غەززە بە فڕۆکە و تۆپخانە وەڵامی دایەوە و بووە هۆی داڕمانی چەندین یەکەی نیشتەجێبوون و کوژرانی سەدان کەس و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی. یەکێک لە پێشهاتەکانی ئەم شەڕە هاتنەناوەوەی (حزبوڵا)ی لوبنان بوو بۆناو ئەم ململانێـیە، ئەویش بە بۆردومانی (کێڵگەکانی شەبعا) کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، و لە بەرامبەردا تۆپخانەکانی ئیسرائیلیش بۆردومانی لوبنانیان کرد.
ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەڵقەیەکی ترە لە زنجیرە شەڕوشۆڕێک کە لە نێوان هەردوولا ڕوویانداوە و بەردەوام ڕوودەدا، هۆکارە ڕاستەوخۆکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کردە تاوانکاریـیانە و ئەو دەستدرێژیـیە دووبارەبووانەی کە ڕۆژانە لە ناوچە جیاوازەکانی فەلەستیندا، لەلایەن هێزە ئەمنیـیەکان و سوپای ئیسرائیلەوە بەدژی فەلەستینیـیەکان ئەنجام دەدرێت، لەژێر فەرمانڕەوایی حکومەتی شۆڤێنستی ڕاستڕەوی ئیسرائیلدا بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ.
بەردەوامیدانی دامەزراوە بۆرژوازیـیە دەسەڵاتدارکانی ئیسرائیل و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی فەلەستینیـیەکان و داگیرکردنی هەرچی زیاتری خاکەکەیان و چڕکردنەوەی سیاسەتی فراوانخوازی و نیشتەجێکردن وەک دەوڵەتێکی میلیتاریستی ملهوڕ، هۆکاری سەرەکیـیە کە لە پشت خوێنڕشتنی خەڵکی سڤیلەوە وەستاوە لە (کەناری ڕۆژئاوا) و (کەرتی غەززە) و هەروەها لە ئیسرائیلیش، چ لەڕابردوو و چ لە ئێستاشدا، وە هۆکاری سەرەکیـی هەموو ئەم کارەساتانەشە کە تا ئێستا بەشێکی جیانەکراوەی بوونی دەوڵەتی ئیسرائیلن، وە هەر ئەمەش، ئەو زەمینەیە کە ڕەوتە شۆڤێنیست و ناسیۆنالیستە عەرەبیـیەکان و ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی وەک (حەماس) و (جیهاد) و هاوشێوەکانیان تیایدا گەشە دەکەن و دەبنە تەوقێک بەگەردنی جەماوەرەوە لە فەلەستین و باقی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیـیەکان لە نێوان ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبی، وە پەیوەندیـیە ژێر بەژێرەکانی سعودیـیە و ئسرائیل و ئەگەری هاتنە ناوەوەی ئەم وڵاتە بۆناو ئەم پرۆسەیە، کەشوهەوایەکی سیاسی نوێی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێناوەتە کایەوە بەجۆرێک کە هیچ بوارێکی بۆ (کۆماری ئیسلامی ئێران) و هاوپەیمانەکەی (بزووتنەوەی حەماس) نەهێشتۆتەوە جگە لە دەستبردن بۆ کاریگەریدانان لەسەر دۆخەکە بە قازانجی خۆیان ئەویش لە ڕێگەی چالاکیەکی سەربازیـیەوە، بەبێ گوێدانە کەمترین بەرپرسیارەتی لەوەی کە کردەوەیەکی لەم جۆرە تاوانی کوشتنی خەڵکی سڤیلی لێ دەکەوێتەوە لە ئیسرائیل و لە کەرتی غەززە.
وڵاتانی ئیمپریالیستی و لەسەرووی هەمووشیانەوە (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا)، بەخێرایی کەوتنە پشتگیری کردن و هاوکاریکردنی حکومەتە ڕاستڕەوەکەی ئیسرائیل لەم شەڕەدا، و دەستی سوپاکەیان ئاوەڵاکرد تاکو ئەوەی بیەوێت بیکات لە کوشتن و وێرانکردن لە غەززە، و چاویش بپۆشن لە کردە تاوانکاریـیە بەردەوامەکانی بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان لە فەلەستین.
لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم هێرشە سەربازیـیەی حەماس، حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە دۆخێکی شەڕدایە، ئەمەش بۆئەوەی پاساو بۆ کۆمەڵکوژیـیەکانی خۆی لە دژی فەلەستینیـیەکان بێنێتەوە، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی هەندێک ستراتیژیژی ڕانەگەیەنراوی تر لە ئەگەری فراوانکردنی بازنەی ئەم شەڕەی ئێستا. فراوانبوونی بازنەی ئەم شەڕە و لێکەوتەکانی، کە بریتین لە کارەساتی نوێ بۆ جەماوەر لە فەلەستین و ئیسرائیل و ناوچەکە، بەشێکن لەو ئەگەرانە، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی قەیرانێکی قووڵدا کە تووشی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکانی ئەو ناوچەیە هاتووە، وە لەکەش و هەوایەکیشدا کە بەرژەوەندیـیە جیۆ-پۆلەتیک و جیۆ-ئابوریـیەکانی هێزە ئیمپریالیست و ئیقلیمیـیە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە بەتوندی توشی پێکدادان بووە.
مێژوو سەلماندوویەتی کە پرسێکی ئاڵۆز و پر گرێوگۆڵی وەک پرسی فەلەستین لە ڕێگەی شەڕ و توندوتیژی لایەنێکەوە دژ بە لایەنێکی تر چارەسەر ناکرێت، چونکە هەریەک لەم دوو لایەنە ئامانجی تایبەت بە خۆیان هەیە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەوهەری پرسەکەوە نیـیە. حکومەتی ئیسرائیل هیچ بەرنامەیەکی نیـیە بۆ داننان بە مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین، وە (بزووتنەوەی حەماس)یش هەوڵی دامەزراندنی ئیمارەتێکی ئیسلامی دەدات نەک تەنها لە کەرتی غەززە، بەڵکو لە هەموو پارچەکانی فەلەستین، و ئەمەش لەو شێوازە حوکمڕانیـیەیدا دەدەکەوێ کە لە غەززە لەساڵی (٢٠٠٥)ەوە پیادەی دەکات.
ئەوانەی باجی ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتیـیانە دەدەن، کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی بێ تاوانی سڤیلن لە هەردوولا، تەنیا ئەوانن کە هیچ بەرژەوەندیـیەکیان لەم شەڕانەدا نیـیە و تەنیا داواکاریـیان دابینکردنی ژیانێکە کە ئاسایش و ئارامی و ئاشتی تێدا بەرقەرار بێت، ئەمەش لە ئێستادا تەنها لە ڕێگەی ئەو چارەسەرەوە بەردەست دەبێت کە پێکهێنانی دوو دەوڵەتە، و تیایدا دەوڵەتی فەلەستین وەک ئیسرائیل بەهرەمەند بێت لە سەروەری تەواو.
ئێمە، لە کاتێکدا، ئەم شەڕە و پرۆسەی کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە هەردوولا سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین، هاوپشتی خۆمان ڕادەگەیەنین لەگەڵ جەماوەری ستەملێکراوی فەلەستین و زەحمەتکێشانی ئازادیخوازی ئیسرائیل کە ئەوانن بەرژەوەندیـیان هەیە لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ پرسی فەلەستین، لە هەمانکاتیشدا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم شەڕە دەکەین.
٨ – ١٠ – ٢٠٢٣