بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی سەبارەت بە یاسای بودجەی ئێستای عێڕاق

دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە ململانێ و گرژی نێوان حزب و هێزەکانی ڕژێم، یاسای بودجە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەنگی پێ درا. دوا ڤێرژنی ئەم بودجەیە حەفتا و نۆ ماددەی لە خۆ گرتووە، کە پلان و بەرنامەی ئەم ڕژێمە سیاسییە و ستڕاتیژە دارایی و ئابوورییەکەی دەردەخات بۆ ساڵانی (٢٠٢٣) و (٢٠٢٤) و (٢٠٢٥). ئەم بودجەیە بە گەورەترین بودجە لە مێژووی عێڕاقدا باسی لێوە کراوە کە بە (١٥٣) ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت بۆ هەر ساڵێک.

ئەم بودجەیە نەک تەنها بەتاڵە لە هەر سیاسەتێکی ئابووری کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کرێکار و هەژار بێت، بەڵکو داڕێژراوە بۆ قوڵکردنەوە و فراوانکردنی کۆنترۆڵی سەرمایە و سەرمایەداری بەسەر ژیان و توانا و داهاتووی ئەو جەماوەرەدا، بۆ ئەوەی ملکەچی پێداویستییەکانی کەڵەکەبوون و جووڵەی سەرمایە و ئەو گەندەڵییە بن کە هاوڕایەتی، لەگەڵ هەموو دەرهاویشتەیەکی لە بەهەژارکردنی زیاتر و خراپکردنی زیاتری بارودۆخی ژیانیان.

بەم شێوەیە ئەم بودجەیە نە پلانێکی ئابوورییە کە لایەنگری چینایەتی تیا نەبێت، وە نە شتێکە کە وردەکارییەکی تەکنیکی ئابووری و چەند ژمارەیەک بێت، ئەم بودجەیە هەر دابەشکردنی دەسکەوتەکانیش نییە بە تەنها لە نێوان حزب و باڵەکانی ڕژێمدا، بەڵکو بەر لەهەر شتێک سیاسەتێکی ئابووریی گشتییە کە بڕیاری لەسەر دراوە بۆ دەوڵەت، دەوڵەتێک کە بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و سەرمایەداری دەپارێزێت و نوێنەرایەتی دەکات، ئەمە بودجەیەکە کە ناوەڕۆکێکی چینایەتی بورژوازی ڕوونی هەیە، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەم چینە دەکات و زاڵبوونەکەی چەسپاوتر دەکات بەسەر ژیان و چارەنوسی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشدا، بودجەیەکە بەپێی سیاسەتی ئابووری (پەڕەی سپی) و مەرجەکانی دامەزراوە جیهانییەکانی بورژوازی، لە چەشنی (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) و (بانکی نێودەوڵەتی)، نەخشەکەی کێشراوە. هەروەها پتەوکردنی پایەکانی مۆدێلی ئابووری سەرمایەداری نیولیبرالیزمی کردۆتە ئامانج، کە مۆدلێکە دامەزراوە لەسەر بنەمای هەژارکردنی جەماوەری ڕەنجدەر و توندوتیژکردنەوەی چەوساندنەوە ئابوورییەکەی و لێ سەندنەوەی دەستکەوتەکانی و بێ بەشکردنی لە دەسکەوتەکانی چینی کرێکاری جیهانی، لە بوارەکانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و خەباتی چینایەتی کرێکاراندا.

یەکەم شتێک کە لەم بودجەیەدا سەرنج ڕادەکێشێت، قەبارەی قەرزکردنە لە ناوخۆ و دەرەوە، چەندین بەند و بڕگە هەیە کە دەریدەخات عێڕاق لە دامەزراوە و بانکە ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتییەکان قەرز دەکات کە مەرج و سیاسەتە ئابوورییەکانی خۆیان دادەسەپێنن بەسەر عێڕاقدا، وە بەگشتیش ئەم قەرزانە سودێکی زۆریان دەچێتەسەر کە لە ئاکامدا کاریگەری نەرێنی لەسەر بژێوی هاوڵاتییان دادەنێت، ئەمە و قەبارەی کورتهێنانی ئەم بودجەیە بەپێی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە گەیشتۆتە (٦٤) تریلیۆن دیناری عێڕاقی، کە ئەم ژمارەیە زیاتر لە سێ یەکی قەبارەی بودجە پێکدەهێنێت و یاسادانەرانی بودجە پێمان ناڵێن چۆن ئەم کورتهێنانە پڕ دەکرێتەوە بەو قەوارە گەورەیەی قەرز لەسەر ئەم وڵاتە کە بە (١١٣) ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت؟!

نەک هەر ئەوەش بەڵکو ئەم بودجەیە هیچ پڕۆژەیەکی تێدا نییە کە هاوڵاتیان هەست بە سودێک بکەن کە شایەنی باس بێت یان بەشدار بێت لە باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان بە شێوەیەکی جددی، چونکە ئەم بودجەیە بەتاڵە لەو پڕۆژانەی کە تایبەتن بە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و خوێندنی حکومی و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دیکەی وەک دامەزراندنی نەخۆشخانە و زانکۆ و دروستکردنی قوتابخانەی پێویست.

ئەم بودجە سێ ساڵەییە بەپێی هەمان سیاسەتی بودجەکانی پێشوو پیادە دەکرێت، کە پێ دادەگرێت لەسەر ئەوەی وەزیر یان پارێزگار مافی وەبەرهێنان و بوون بە هاوبەشی کەرتی تایبەتی هەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە جۆراوجۆرەکان، ئەم سیاسەتی نیولیبرالییە کە شانی دەوڵەت خاڵی دەکاتەوە لە هەر جۆرە بەرپرسیارەتییەک بەرامبەر کۆمەڵگە، و چارەنوسەکەی دەکاتە بارمتە بەدەست کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتەوە، کرۆکی بنەچینەییـیە لە سیاسەتی ئابووری ئەم ڕژێمە کە دەرگاکان دەکاتەوە بەڕووی تایبەتیکردن (پریڤاتیزە – خەسخەسە)دا. ئەم بابەتە زۆر مەترسیدارتر دەبێت کاتێک دەزانین ئەم تایبەتیکردنە سەردەکێشێت بۆ کەرتەکانی دەرهێنانی نەوت و گاز و کەرتی بانکەکان و ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی وەک وێستگەکانی کارەبا و بەندەرەکان و ژێرخانی کەرتی پەیوەندییەکان و گواستنەوە و هاتووچۆ، ئیتر هەموو کۆمەڵگە دەبێتە دیل بەدەست خاوەنانی سەرمایەوە.

ئەوەی کە چارەنوسی زیاتر لە چل ملیۆن ئینسان بخەیتە گرەوی بودجەیەکەوە کە بەستراوەتەوە بە نرخی بەرمیلێک نەوت بە (٧٠) دۆلار، و ئەوەش پشگوێ بخەیت کە چ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەم نرخەدا دێت، گوزارش لەوە دەکات کە ئەم ڕژێمە لە قەیرانێکی خنکێنەردا دەژیت و هیوا و ئامانجی مانەوەی خۆیەتی، ئەم ڕژێمە قەیرانگرتوە بەدوای بەرژەوەندی خۆی و ئەو هێزانەدا دەگەڕێت کە لەژێر باڵیدا کۆبوونەتەوە، بەدوای چنینەوەی سود و ملیارەکانەوەیە لەم بودجەیەدا.

وە لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا، پەرلەمان ڕێژەی لەسەدا سێزدە (%١٣) دادەنێت بۆ داهاتی نانەوتی لە بودجەی سێ ساڵی داهاتوو، تاکە ڕوونکردنەوەیەکیش بۆ ئەم زیادکردنە، باجی زیاترە لەسەر هاوڵاتیان، کە یەکێک لە بڕگەکانی ناو ئەم بودجەیە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە هیچ جۆرە مامەڵەیەک بۆ هیچ هاوڵاتییەک ئەنجام نادرێت ئەگەر پسوڵەی پارەدانی ئاو و کارەبا و… پێشکەش نەکات.

ئەمە و ئەم بودجەیە، ساڵانە بڕی ملیۆن و نیوێک دیناری عێڕاقی داسەپاندووە بەسەر هەموو ئەو ژن و پیاوە کرێکارانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی وڵاتانی ترن و لە عێڕاقدا کاردەکەن، کە دەبێ لە بەری ڕەنجی شانیان بیدەنە ئەم ڕژێمە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ڕژێمە نەک هەر دەستبەرداری هەر جۆرە بەرپرسیارەتییەک بووە لە بەرگریکردن و پاراستنیان لەو چەوساندنەوە دڕندانەیەی کە بەدەستییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتیش کچان و ژنانی کرێکار لە بواری خزمەتگوزاری ناو ماڵەکاندا، بەڵکو ئەم ڕژێمە هەتا ڕێگریش دەکات لە ئازادی ڕێکخراوبوون و خەباتی سەندیکاییشیان.

پشکی شێر لەو دامەزراندنانەی کە هێزەکانی ڕژێم شانازی پێوە دەکەن، دەچێت بۆ دەزگاکانی ئاسایش و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری و حەشدی شەعبی و هەروەها بۆ ئەوقافی سوننی و ئەوقافی شیعەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لەم دامودەزگایانەدا دەستنیشانکراون بۆ دامەزراندن دەگاتە زیاتر لە دوو سەد هەزار کەس، ئەم دامەزراوانەش ئەوانەن کە ئەم ڕژێمە دەپارێزن و مانەوەی ڕادەگرن. باقی ئەوانەی تر کە دەستنیشان کراون بۆ دامەزراندن، ئەوانەن کە زووربەیان زیاتر لە پێنج ساڵ تێپەڕیووە بەسەر کارکردنیاندا بە گرێبەست وەیا بە وانەبێژی خۆبەخشانە، وە هەموو ئەم دامەزراندنانەش تەنها ڕێژەیەکی زۆر کەم پێکدەهێنێت لە ژمارەی بێکاران لەم وڵاتەدا کە بەپێی هەندێ ئامار سنوری شەش ملیۆن ئینسانی تێپەڕاندووە.

لەبەرامبەر مۆنۆپۆڵی ڕژێم و پەرلەمانەکەی لە پەسندکردنی ناوەڕۆکی بودجەدا، کرێکاران و کارمەندان و توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان هەڵسان بە ناڕەزایەتی نواندن بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان لە دامەزراندن و ڕەخساندنی هەلی کار بخرێتەناو بودجەوە، ئەمە و ئەو بزووتنەوەیەی کرێکاران و کارمەندانیش پەرەیسەند کە خوازیاری هەموارکردنەوەی پێوەرەکانی ڕیزبەندی موچە بوو، هەروەها کرێکارانی پشەسازیش هەڵسان بە خەباتێک؛ لە دژی ئاڵوگۆڕی پەیکەرەیی لە کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازی و دەرکردنی کرێکاران لەسەر کار و ڕێگری کردن لە کاری سەندیکایی.

هەر لەو ماوەیەشدا، لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە بە شێوەیەکی ناڕێکخراو، بەڵام خەباتی کرێکاران و فەرمانبەران و جەماوەری ڕەنجدەر، بەردەوام بووە، بۆ ناچارکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات بۆ گەڕاندنەوەی مووچەی بەزۆر پاشەکەوتکراوی ساڵانی ڕابردوویان و کاراکردنەوەی سیستمی دەرماڵە و پلەبەرزکردنەوەکانیان کە ساڵانێکە ڕاگیراوە، بە قەرەبووی ساڵانی ڕابردووشەوە. هەروەها ئەم خەباتە بەردەوام بووە لە پێناو دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و خوێندن و بیشتەجێ بوون و خزمەتگوزاری تر و هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموو باجە جۆراوجۆر و زۆرانە لەسەر هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی نرخی نەوت و بەنزین لە هەرێمی کوردستان کە نرخەکانیان زۆر بەرزە، بۆ ئاستی نرخەکانی نەوت و بەنزین لەسەراسەری عێڕاقدا. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم خەباتە نەچووە ئاستی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی جەماوەریی کاریگەر، کە بتوانێت ئەم داخوازیـیانە وەک ئەولەویات داسەپێنێت لە پەسندکردنی بودجەدا لەسەر ئاستی عێڕاق یان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەبەر گەلێک هۆکار؛ لەوانە توندوتیژی شێوازی سەرکوتگەرانەی دەسەڵات لە هەرێمەکە و لێپێچینەوەی یاسایی لە چالاکوانانی کرێکاری و قەدەغەکردنی کاری سەندیکایی … و هەروەها بەهۆی ئەو خۆشباوەڕیانەشەوە کە لە لایەن حزبە ئیسلامییەکان و حزبی (نەوەی نوێ)وە برەویان پێدەدرا بۆ کارکردن لەناو پەرلەمان، و لەباربردنی وزەی شۆڕشگێرانەی جەماوەر.

بەڵام ئەم بارودۆخە بێ دەرەتانە ئابوورییەی جەماوەری ڕەنجدەر لە هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنی قوتبی بوونەوەی چینایەتی بەرفراوان و بەدەم نەهاتنەوەی بودجە و دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی هیچ یەکێک لە کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی ئەم جەماوەرە، دەرگا ئاوەڵا دەکاتەوە بۆ توندوتیژبوونەوەی خەباتی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و ئەگەری هاتنەمەیدانی جەماوەر بۆ کاری شۆڕشگێڕانەی ڕاستەوخۆ.

چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش خەبات دەکەن دژی سیستمی سەرمایەداری و پارێزەرانی لە حزب و ڕەوتە بورژواکانی فەرمانڕەوا لە هەموو مەیدانەکانی خەباتی چینایەتی لەسەراسەری عێڕاقدا، لەوانە خەبات دژی  ئەو کاریگەرییانەی کە ئەم بودجەیە بەجێی دەهێڵێت لەسەر ژیان و کار و خەباتەکەی، وە لە هەمانکاتیشدا خەبات دەکات لە پێناو داسەپاندنی خواستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بەسەر دەسەڵات و سەرمایەداراندا و هەموو دەستکەوتێکیش لە باشترکردنی بژێوی و خۆشگوزەرانی کە بەدەستی دەهێنێت دەیکاتە سەکۆیەک بۆ بەهێزکردنی خەباتی ڕزگاریخوازانە و شۆڕشگێڕانەی دژ بە سەراپای ئەم ڕژێمە و حزب و ڕەوتەکانی.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بەشێکە لەو خەباتە چینایەتییە پڕۆلیتارییە لە هەموو قۆناغەکان و وەرچەرخانەکانی ئەو خەباتەدا.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەتوندی سەرکۆنەی توندوتیژی و کوشتنی هاوڵاتیـیان دەکەین لە لایەن کۆماندۆ و چەکدارانی حزبەکانی دەسەڵاتەوە

کۆمیتەی سلێمانی / ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق ماوەیەکە لە سلێمانی و چەند شار و ...

بەتوندی ئیدانەی تیرۆری ڕۆژنامەنوسان دەکەین لە هەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە

کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق درۆنێکی تورکیا، جومعە (٢٣-٨-٢٠٢٤) ئۆتۆمبیلێکی کردۆتە ئامانج، لە ...

به توندی سەرکۆنەی داخستنی بارەگای حزبەکان و دەستبەسەراگرتنی دارایـیەکانیان دەکەین

ڕۆژی (١-٨-٢٠٢٤)، کۆمسیۆنی دادوەری هەڵبژاردنەکان لە (ئەنجومەنی باڵای دادوەری) عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵێک حزبی دەرکرد، ...

خانەنشینان بەشێکی گرنگی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بوون لە ساڵانی ڕابردوودا و لە پێشەوەی خۆپێشاندانەکان بوون

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز: (ماموستا أحمد عەلی سادق هەورامی) ئەندامی دەستەی باڵای (یەکێتی خانەنشینانی کوردستان). ڕەوت: ...

بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە، گورانیـیە بەردەوام تەواونەکراوەکەی لاوانی کوردستان. چ سیاسەتێکی نا ئینسانی بە نوقمبونی دان؟

جەمال کۆشش شەڕ، هەژاری و سەرکوت، لەهەر نیشتمانێک پەیدا بوون، لەوێ خەڵک هەڵدێت و ئاوارە ...