دوێنێ ئێوارەی (٢٧-٦-٢٠١٩) سوپای تورکیا و فڕۆکە جەنگیەکانی تۆپبارانی چەند گوندێکی قەدپاڵی شاخی (قەندیل)یان کردوە و لە ئەنجامدا چوارکەسی خێزانێک بوونەتە قوربانی و چەندین کەسی تریش بریندار بوون.
بەدرێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو تورکیا هەر ماوە نا ماوەیەک کەوتۆتە پەلامار و بۆردومانی ناوچە سەرسنوریەکان هەتا زۆرجار ناو قوڵایی ھەرێمی کورستانیشی گرتۆتەوە و بەئاشکرا بەپێش چاوی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی هەرێمەکەوە، وە لەزۆر کاتیشدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵیاندا ئەنجام دەدرێ. ئەم هێرشانەی سوپای تورکیا بە بەردەوام ژیان وماڵی گوندنیشنیان و هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانج و ئارامی و ئاسایشیان لێ تێک دەدات بە بیانوی لێدان لە هێزە چەکدارەکانی (پەکەکە).
“پارتی” و”یەکیەتی”وهیزەکانی دەسەڵات لە کوردستان بۆ سات و سەودای سیاسی وسپیکردنەوەی پارەوپولی دزراو لە سامانی گشتی خەڵک و بەرژەوەندە جۆراوجۆرەکانیان، بەدرێژایی ئەم چەندین ساڵە، سازش وبیدەنگیان هەڵبژاردووە لە بەرامبەر بۆردمان وتۆبارنی کوردستان لە لایەن تورکیا ودەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکەوە.
ئەزموونی بیست وهەشت ساڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانی کوردستان، هەروەک ئەزمونی دەیان ساڵەی هاوچینەکانیان لە وڵاتانی ناوچەکە، ئەوەی سەلماندووە کە تەنھا ھێزێک بتوانێت بەر بەم ملهوری وکارەساتەی ئەوان بگرێت ھێزی ڕێکخراو و کۆبونەوەمانە لە دەوری بەژەوەندیە چینایەتیەکانی خۆمان، خباتی یەکگرتوومانە دژ بە کەمایەتیەک لە نەتەوەپەرستانی ڕەگەزپەرست و بازرگانانی جەنگ وخوێن کە دەستیان گرتووە بەسەرچارەنوسی سیاسی وسەروەت و سامانی کۆمەڵگەدا.
هاوپشتی چینایەتی کریکاری و هێنانەدی ڕیزێکی خەباتکارانەی جەماوەری بەشمەینەت و ئازادیخواز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕێگەی واقعی بەگژاچوونەوەی بۆمباباران و جەنگ و ئاوارەیی و نەھامەتیەکانی ئەم دەسەڵاتانەیە.
ئیمە ئەم بوردومان و تاونانەی دەوڵەتی تورکیا بە دژی خەلکی کوردستان وسات و سەودا و بێ دەنگی هەردوو حکومەتی هەریمی کوردستان وحکومەتی مەرکەزی لە بەغداد لە بەرامبەریدا، بە توندی مەحکوم ئەکەین.
هەرەها بانگەوازی خەلکی کوردستان ئەکەین کە پیکەوە نارەزایەتی خۆمان دەربرین دژی ئەم تاوانکاریەی دەوڵەتی تورکیا وسات وسەوادای حکومەتی هەرێم ومەرکەز.
ئەبی ئەم تاوانانەی دەوڵەتی تورکیا لە بۆردمان و کوشتار کۆتایی پی بیت
بژی ھاوپشتی چینایەتی ونیونەتەوەیی کریکاران
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
28-6-2019